هەسەدە: حەوت زرێپۆشی تورکیامان تێکشکاندووە
بەپێی راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی هەسەدە دۆخی ناوچەکان و ئامارەکان بەمشێوەیە:
سەرێ کانی:
لە دوێنێوە تاوەکو ئێستا تۆپباران و بۆردوومانی ئاسمانی بۆ سەر گەڕەکەکانی سەرێ کانێ بەبێ وەستان بەردەوامە، لەبەیانییەوە سوپای تورکیا هێرشێکی تووندی ئەنجامدا کە هاوکات بوو لەگەڵ بۆردوومانێکی ئاسمانی چڕ بۆ سەر گەڕەکەکانی پیشەسازی و میحوەری رۆژئاوا. هێرشەکەیان بەرپەرچ دراوەتە و پێشڕەویان شکستی پێهێنراوە.
هەروەها سوپای تورکیا هەوڵیداوە لە میحوەری رۆژئاوای شارەکە پێشڕەوی بکات، بەڵام هێزەکانیان بەرپەرچیان دراوەتەوە.
پێکدادانەکان تاوەکو ئێستا بەردەوامە، بەهۆیەوە 78 کەس لە سەربازانی تورکیا و چەکداران کوژراون و 29ـی دیکەش برینداربوون، حەوت زرێپۆشی جۆری BMB تێکشکێندراون لەگەڵ دوو ئۆتۆمبێلی سەربازی. لەو بەرگرییەدا 22 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە و 34ـی دیکە برینداربوون.
عامودا:
شاری دێربێسی لەلایەن سوپای تورکیا بۆردوومانکراوە و هێزەکانیان بەرپەرچیان داوەتەوە، لە شەڕوپێکدادانێکدا پێنج سەربازی تورکیا کوژراون و سێ ی دیکە برینداربوونە.
قامشلۆ:
لە دوێنێوە شارەکە بە هەڕەمەکی بۆردوومانکراوە، بەهۆیەوە هاووڵاتییەک گیانی لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
دێرک:
سوپای تورکیا ژمارەیەک گوندی بۆردوومان کردووە، هێزەکانیان وەڵامی سەرچاوەی تەقەکردنەکەیان داوەتەوە، هاووڵاتییەک گیانی لەدەستداوە و ئۆتۆمبێڵێکی سەربازی لە بەرانبەر گوندی بیلال تێکشکێندراوە.
حەسەکە:
جموجوڵی شانە نووستووەکان زیادیان کردووە کە هاوکاتە لەگەڵ پەلاماری تورکیا، بەندیخانەیەک بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو لە گەڕەکی غویران کراوەتە ئامانج کە هەزاران تیرۆیستی رێکخراوی داعشی تێدایە.
کۆبانێ:
سوپای تورکیا گوندەکانی کۆبانی بۆردوومان کردووە و هێزەکانی هەسەدە وەڵامیانداوەتەوە، لە بەرانبەر گوندی کولتب خاڵێکی تورکی کراوەتە ئامانج و شەڕڤانێک بریندارە لە گوندی رەج حەلوە.
گرێ سپی:
لە دوێنێوە تاوەکو نووسینی ئەم بەیاننامەیە تۆپباران و بۆردوومانکردنی ئاسمانی بەردەوامە بۆ سەر هەموو گەڕەک و دەوروبەری شاری گرێ سپی، شەڕوپێکدادانی تووند روویانداوە، هێزەکانیان ئۆپەراسیۆنییەکی تایبەتان بۆ سەر ناوەندێکی چەکدارەکان لە دەوروبەری گرێ سپی ئەنجامداوە بەهۆیەوە سێ چەکدار کوژراون کە لەنێویاندا سەربازێکی تورکیا هەیە.
لە میحوەری مەبروکە بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا سێ کارمەندی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ گیانیان لەدەستداوە، هەروەها پەیوەندیان لەگەڵ سێ کارمەندی دیکەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ پچڕاوە.
رۆژی 11ـی مانگ گرووپێک لە چەکدارەکانی ئەحرار شەرقییە دزەیان کردبوو، گەیشتبوونە رێگەی نێودەوڵەتی M4 و شەش کەسی سیڤیلیان کوشتبوو لە نێویاندا هەڤرین خەڵەف، ئەمینداری گشتی پارتی ئایندەی سووریا، دواتر هێزەکانیان بەدوای ئەو چەکدارانە چوونە و ئاسایشی رێگاکەیان دابینکرد.
پێکدادانی بەردەوامە لە دوێنێەوە دوو گوند ئازادکراونەتەوە، 87 چەکدار کوژران و 32ی دیکە برینداربوونە. هاوکات 31 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە و 46ـی دیکە برینداربوون، شەش سڤیلیش گیانیان لە دەستداوە.
ئێوارەی ئەمڕۆش تورکیا کاروانێکی خەڵکی سڤیلی بۆردوومان کرد، کاتێک ئەو کاروانە لە رێگەدابوون بەرەو سەرێ کانی بۆ دەربڕینی رەتکردنەوە پەلامارەکانی تورکیا کە بەهۆیەوە دەیان کەس کوژراون و برینداربوون لە نێویاندا رۆژنامەڤانانیش هەن.
