رێکخراوی لاوانی ئەوروپا داوای راگرتنی هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا دەکات
فەلاح حەسەن، جێگری یەکەمی سەرۆکی لاوانی ئەوروپا، کە هاوکات نوێنەری یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانە لە ئەوروپا، لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەنگرێت کرامپ کارنباوەر، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، تاوتوێی هێرشی سوپای تورکیای بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، کردووە.
فەلاح حەسەن رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا بە ناوی رێکخراوی لاوانی ئەوروپا داوای لە وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا کردووە ”ھەرچی زووە ئەڵمانیا ڕۆڵی کاریگەر ببینێت بۆ وەستاندنی ئەم شەڕە و گەڕانەوەی ھاوڵاتیانی سڤیل بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان“.
هەروەک فەلاح حەسەن رایگەیاند، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ئاماژەی بە رۆڵی کاریگەری پێشمەرگە و هێزە کوردییەکانی دیکە لە تێکشکاندنی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کردووە و هیوای دۆزینەوەی رێگاچارەیەکی بەپەلەی بۆ وەستاندنی هێرشەکەی سوپای تورکیا، خواستووە.
رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد.
جێگری یەکەمی سەرۆکی لاوانی ئەوروپا و وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا
باسنیوز
