لە هەولێر کونسوڵخانەی فەڕەنسا گوڵباران كرا

لە هەولێر کونسوڵخانەی فەڕەنسا گوڵباران كرا
وەک دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ گەل و حکوومەتی فەرەنسا، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کونسوڵخانەی فەرەنسایان لە هەولێر، گوڵباران كرد.

کاتژمێر 1ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 13-10-2019، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە هاووڵاتییان و چالاكوانانی مەدەنی و نوێنەری هۆزەكانی عەرەب، گردبوونەوەیەک لەبەردەم کونسوڵخانەی فەڕەنسا لە هەولێر ساز كرا.

لە گردبوونەوەكەدا، بە گوڵبارانكردن، هاووڵاتییانی کوردستان سوپاسی خۆیان بە گەل و حکوومەتی فەڕەنسا دەربڕی، لە بەرامبەر ئەو پشتیواییانەی ئەو وڵاتە لە گەلی کوردستانی دەکات.

دواتریش لەلایەن سەرۆكی رێكخراوی دیداری ئاشتی كە سەرپەرشتی گردبوونەوەكەیان دەكرد، لەڕێگەی کونسوڵی گشتیی فەڕەنساوە لە هەولێر یاداشتنامەیەك بۆ سەرۆکی فەڕەنسا فەرەنسا نێردرا.

فەرەنسا دۆستێکی دێرینی گەلی کوردستانە، لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و راپەڕینە مەزنەکەی بەهاری 1991 تا دەگاتە شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و کردنەوەی دەرگا بەڕووی کوردستان لە دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، لە هەموو قۆناغەکان پاڵپشتیی کوردستانی کردووە و دوایین پاڵپشتیی ئەو وڵاتەش، دژایەتیکردنی هێرشی سوپای تورکیایەی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان.

رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێكرد و تا ئێسات دەیان هاووڵاتیی سڤیل و شەڕڤانی لە شارەکانی ڕۆژائاوای کوردستان شەهید بوون.












باسنيوز
Top