لەلایەن خەڵکەوە ڕێگە لە هەوڵێکی مەحموود سەنگاوی بۆ دەستبەسەرداگرتنی پارچە زەوییەک دەگیرێت
هاووڵاتییەکی دانیشتووی گوندێکی بناری بەمۆ لە گەرمیان ڕایگەیاند، مەحموود سەنگاوی، ھێزێکی زۆری ھێناوەتە بناری بەمۆی سەر بە شارۆچکەی دەربەندیخان، تاوەکوو بارەگای سەربازی بکاتەوە، بەڵام، دانیشتووانی گوندەکانی بناری بەمۆ بەگژ ھێزەکەی سەنگاویدا چوونەتەوە و ڕێگەیان نەداوە ھیچ بارەگایەکی سەربازی بکاتەوە.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە هەرچەندە ئەم هەوڵەی سەنگاوی ماوەی پێنج ڕۆژە بەردەوامە، بەڵام ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ی ١٠ی ٢٠١٩، گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆر لەنێوان ھێزەکەی مەحموود سەنگاوی و دانیشتووانی گوندەکانی بناری بەمۆ درووست بوو، ئۆتۆبێلێکی شۆفڵ دەستی بەسەردا گیرا، چونکە خەڵکی ئەو گوندانە ڕێگە نادەن کە ھیچ بارەگایەکی سەربازی لە بناری بەمۆ بکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش دا ، دانیشتوانی گوندەکانی بناری بەمۆ توانجی ئەوەیان لە مەحموود سەنگاوی داوە کە زەویوزارێکی زۆری لە گەرمیان بەناوی میحوەرەوە داگیر کردووە، ئێستاش دەیەوێ بناری بەمۆ داگیر بکات.
ئەو هاووڵاتییە باسی لەوەش کرد، دانیشتووانی گوندەکانی بناری بەمۆ ھۆشداریی توندیان بە ھێزەکەی مەحموود سەنگاوی داوە و ئاگاداریان کردوونەتەوە کە ناوچەکە چۆڵ بکەن.
هەر لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند کە خەڵکی لە کاتی مشتومڕەکاندا بە مەحموود سەنگاوییان گوتووە، ئەگەر ئامانجەکە جگە لە داگیرکردنی زەوی، هەڵکەندن و گەڕان بەدوای شوێنەوار نەبێت، بۆچی میحوەر لە ناوچەیەکی ئارام و بێ کێشەدا دەکاتەوە؟
پێشتر پەرلەمانتارانی گۆڕان ئاشکرایان کردبوو کە مەحموود سەنگاوی بارەگایەکی گەورەی بەناوی سەربازگە لە سەر زێی سیروان درووست کردووە و ڕووبەرە زەوییەکی گەورەی داگیر کردووە کە لە نەخشەی بنەڕەتیدا شوێنی دارستان و گەشتیاری بووە.
باسنیوز
