مەترسیی هەڵاتنی 3500 چەکداری داعشی عێراقی لە گرتوخانەکانی هەسەدە هەیە
ئەو چەکدارە عێراقییانەی داعش لەلایەن هێزەکانی هەسەدەوە لە سووریا دەستگیر کراون و بەشێکیان لە کەمپی هۆل و بەشێکیشیان لە گرتووخانەکان، دەستبەسەر کراون.
بەهۆی سەرقاڵبوونی هێزەکانی هەسەدە بە بەرپەرچدانەوەی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، مەترسیی هەڵاتنی ئەو چەکدارە داعشانە هەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 13-10-2019، فۆژنامەی (سەباح)ی فەرمیی عێراقی بڵاوی کردووەتەوە، کە تا ئێستا هەسەدە یەک هەزار و 500 چەکداری عێراقیی داعشی رادەستی ئەو وڵاتە کردووەتەوە.
ئەبو عەلی ئەلبەسری، بەڕێوەبەری گشتیی هەواڵگریی وەزارەتی ناوخۆی عێراقی رایگەیاندووە، ئەو چەکدارانە خاڵێکی هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی عێراق و ناوچەکە و جیهان بە گشتی.
رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد.
هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.
باسنيوز
