پەرلەمانتارێکی پێشووی پارتی بۆ سۆران عومەر: شەڕی خێڵی حەمەت کرد هەوڵێکیش بۆ ڕۆژئاوا بدە
لە کاتێکدا هەموو لایەنە کوردییەکان و سیاسییەکانی کورد و خەڵکی کوردستان ناکۆکییە لاوەکییەکانیان وەلا ناوە و پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن بۆ ئەوەی کۆتایی بە هێرشەکەی تورکیا بهێندرێت، سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بە شێوەیەکی نائاگایانە، باس لە هێزی پێشمەرگەی ڕۆژ دەکات و رەخنە لە نەگەڕاندنەوەیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەگرێت.
لە بەرامبەردا نازم هەركی، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، کورد تا ئەو کاتەی کەسانی وەک سۆران عومەری تێدا بێت، حاڵی وەک ئێستا دەبێت و ناکۆک دەبێت، چونکە ئەو جۆرە کەسانە لە دۆخی یەکڕیزیدا هەموو هەوڵێک بۆ لێکترازان دەدەن.
جەختیشی کردەوە کە ئەم جۆرە قسانە جێبەجێکردنی پەیام و تەوجیهی هەندێک لایەنە کە پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵ ئاراستە دەکەن و هەوڵدەدەن کورد لەنێو خۆیدا بەردەوام لە کێشە و ناتەباییدا بێت.
نازم هەرکی دەڵێت: ”هەموومان دەزانین سۆران عومەر لە لایەن کێوە ئاراستە دەکرێت، حزبەکەی خۆیشی ئەوە دەزانێت“.
هاوکات نەیشاردەوە کە هەرچەندە پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵ ”هەوڵدەدات خۆڵ بکاتە چاوی خەڵکەوە“، بەڵام خەڵکی کوردستان باشتر لە ئەو لە سیاسەت تێدەگەن و ”بەم قسە پووچانە“ یەکگرتووییەکەی ئێستا لەدەست ناچێت.
پەرلەمانتارەکەی پێشووی پارتی پرسیاری ئەوەی لە سۆران عومەر کرد کە کێ بوو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی هێرشی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) هێنایە سەر هێڵ؟ هەروەها بە هەوڵی کێ پێشمەرگە سنووری سێ دەوڵەتی بڕی تاوەکوو شان بە شانی شەڕڤانان بەرگری لە کۆبانێ بکات؟
نازم هەرکی دەڵێت: ”شەرمە سۆران عومەر بەم جۆرە قسە دەكات، پێشمەرگەی رۆژ بە دەیان شەهیدی لە شەڕی داعش دا، هێزی پێشمەرگەی رۆژ تا ئێستا تاکە شەڕ کە بەشدار بووە تێیدا، شەڕی هاوفکرەکانی سۆران عومەر بووە، لە ٢٠١٤ تا ٢٠١٨، ئێستاش پێشمەرگەی ڕۆژئاوا هاواری گەڕانەوە دەکات، بەڵام هەموو کەسێک دەزانێت کە کێ ڕێگری لە گەڕانەوەی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا دەکات؟“
هەروەها پرسیاری ئەوەش دەکات کە ”بۆچی سۆران عومەر ئازا بوو شەڕی خێڵی حەمە بکات؟ با خۆی و حزبەکەشی بتوانن خەباتێک بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بکەن“.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەرچەندە هێزی پێشمەرگەی ڕۆژ خواستێکی زۆری بۆ گەڕانەوە ڕۆژئاوای کوردستان هەبووە، بەڵام لەلایەن هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و ئیدارەی ئەو بەشەی کوردستانەوە ڕێگەی گەڕانەوەیان پێ نەدراوە.
باسنیوز
