هەسەدە ئاماری کوژراو و بریندارانی شەڕ و پێکدادانەکان بڵاودەکاتەوە

هەسەدە ئاماری کوژراو و بریندارانی شەڕ و پێکدادانەکان بڵاودەکاتەوە
ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان چوار رۆژە بەردەوامە، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە ئەمڕۆ شەممە لە راگەیێندراوێکدا ئەنجامی شەڕوپێکدادانەکانی دوێنێ هەینی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوپای تورکیا و چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای بڵاوکردەوە.

بەپێی راگەیێندراوەکەی هەسەدە دوێنێ هەینی دۆخی ناوچەکان و ئامارەکان بەمشێوەیە بووە:

گرێ سپی

شەڕو پێکدادانی سەخت و دژوار بەردەوام بووە لە میحوەری گرێ سپی لە شارۆچکەی سلوك بە پشتوانی فڕۆکەی تورکیا و توانا تەکنییەکانی و شەڕوپێکدادان لە گوندی تەل فندر و یاپسێ روویداوە، شەڕو پێکدادان تاوەکو نووسینی ئەو راگەیێندراوە بەردەوامە.

لە شەڕو پێکدادانەکانی دوێنی تاوەکو ئێستا 11 چەکدار كوژراون، دوو شەڕڤان گیانان لەدەستداوە و پێنج شەڕڤانی دیکەش برینداربوونە.

سەرێ كانی

بۆ رۆژی سێیەم هێرش و پەلامارەکانی تورکیا و چەکدارانی بەردەوام بوو بۆ درزخستنە نێو بەرگری هێزە بەرگرییەکانیان لە شارەکە، شەڕڤانان بەرگرییان کردووە و پێکدادان بەردەوامە لە گوندەکانی (تەل حەلەف، عەزیزییە، تەل ئەرقەم، خەرابە بەنات، تەل خەنزیر، دوێرە).

لەو شەڕوپێکدادانەدا 94 چەکدار کوژراون و 81ـی دیکەش برینداربوونە، لە بەرامبەردا 20 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە و 24ـی دیکەش برینداربوون و زێرپۆشێکی سوپای تورکیا تێکشکاوە و سەربازەکانی ناوی کوژراون.

كۆبانێ

لە كۆبانێ تۆپخانەکانی تورکیا بەشێوەی هەڕەمەکی گوندەکانی سەر سنووریان بۆردوومان کرد، لە وەڵامی شەڕڤانان سەربازێكی سوپای تورکیا كوژراو کۆگایەکی چەکی تورکیا لە نزیک گوندی عەلی شار تەقییەوە.

عامودێ

شاری عامودێ و دێربێسیە تۆپبارانكران و لەئەنجامدا شەڕڤانێك گیانی لەدەستداوە و دوو شەڕڤانی دیکە برینداربوون، هێزەکانی هەسەدە وەڵامیان دایەوە و خاڵێکی سوپای تورکیا ئاگری لێ بەرزبووەوە و زرێپۆشێكی جۆری BMB تێكشكا.

قامشلۆ

دوێنێ شاری قامیشلۆ بە چەکی قورس و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی بۆردوومان کراوە، گەڕەکەکانی شارەکە بۆردوومانکراون بەهۆیەوە دەیان کەسی سڤیل برینداربوون کە لەنێویان منداڵان هەبوون و شەش چەکداری هەسەدە برینداربوونە.

لە گوندی سێ گركا ئۆتۆمبێلی سەربازی تێكشكا و سەربازانی ناو زرێپۆشەكە كوژران، هاوکات لەگەڵ ئەو هێرشانەی تورکیا، چەکدارانی داعش ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراویان تەقاندەوە کە خواردنگەیەکی میللی کردە ئامانج و هێرشەکە سەرەڕای زیانی ماددی، کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

دێرك

سوپای توركیا بەنیاز بووە لە دێرك سنوور ببەزێنێت بە ئاراستەی گوندی قەسر دیب، بەڵام بەڵام پێکدادان لەنێوان شەڕڤانانی هەسەدە و سوپای توركدا روویدا و بەهۆیەوە شەش سەربازی سوپای توركیا كوژران و 23 سەربازی دیکە برینداربوون. لە بەردەوامی شەڕەكەدا لە گوندی دەلاڤێ كەرا ئۆتۆمبێلێکی سەربازی سوپای توركیا تێكشكا و ئەوانی ناوی کوژران، دواتر سوپای توركیا هەردوو گوندەكەیان تۆپباران كرد.

پێکدادانی تووند لە گوندی جارودییە روویداو وسەربازی تورکیا لە گوندی بابیلا هێرشیان كردووە و چەکی قورسیان بەکارهێناوە. شەڕڤانان وەڵامی ئاگری هێزەکانی تورکیایان داوەتەوە لە گوندی بانوكیە و لە ئەنجامدا شەش سەرباز كوژران و 21 سەربازی دیکە برینداربوون.

شەڕوپێکدادانەکان تاوەکو ئێستا بەردەوامە و لەئەنجامدا 118 چەکدار كوژران و 90ـی برینداربوون، بە گشتی 23 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە و 37ی دیکەش برینداربوونە.
Top