دلاوەر خالد ئاژگەیی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا کۆ بوونەوە

دلاوەر خالد ئاژگەیی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا کۆ بوونەوە
د. دلاوەر خالد ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا بە یاوەریی زانا کوردە سەردانی پەرلەمانی ئەورووپای کرد و لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا، بەڕێز پاپادیمۆلیس کۆ بووەوە.

‏‎لەو دانیشتنەدا نوێنەری حکوومەتی هەرێم سوپاسی پشتگیری و هەڵوێستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کرد، کە پشتگیری و پاڵپشتیی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستانی کردووە و لە پەرلەمانی ئەورووپا بۆ کۆکردنەوەی پاڵپشتیی زیاتر و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی ئەورووپا و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە. بارودۆخی کوردستان و ناوچەکە و سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش تەوەرێکی تری دیدارەکە بوون.

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، باس لە مێکانیزمی بەهێزکردنی لۆبیی کوردستانی کرا لە پەرلەمانی ئەورووپادا لە ڕێگەی گرووپی دۆستانی کوردستان لە پەرلەمانی ئەورووپادا، هەروەها بانگهێشتکردنی پەرلەمانتاری زیاتر لە سەرجەم کوتلەکانی ناو پەرلەمانی ئەورووپا و ئاڵوگۆڕکردنی شاندی هەردوولا.

بەڕێز جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا ئامادەییی خۆی دووپات کردەوە بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەک لە پەرلەمانی ئەورووپا و ناوەندەکانی تری بڕیاردانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ پشتگیریی مافەکانی گەلی کوردستان و بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لەو ناوەندانەدا.

لە کۆتاییی دیدارەکەدا، د. دلاوەر خالد ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا بە فەرمی بانگهێشتی بەرێز پاپادیمۆلیس، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپای کرد کە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
Top