دوو ساڵ بەسەر دەست پێکردنی یەکەمین هەنگاوی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر تێدەپەڕێت

دوو ساڵ بەسەر دەست پێکردنی یەکەمین هەنگاوی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر تێدەپەڕێت
ئەمڕۆ شەممە ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، دوو ساڵ بەسەر دەست پێکردنی یەکەمین هەنگاوی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەردا تێدەپەڕێت کە لە ئەنجامدا زیاتر لە نیوەی ڕووبەری خاکی کوردستان ڕادەستی میلیشیا و هێزەکانی عێراق کران.

ڕۆژی ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە ناوچەی (مەریەم بەگ) لە خوارووی کەرکووک لەلایەن وەستا رەسووڵ، یەکێک لە دیارترین فەرماندەکانی پێشمەرگە کە سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، بەبێ هیچ پاساوێکی ڕوون، چۆڵ کرا.

چاودێران پێیانوایە ئەم چۆڵکردنە، دەست پێکردنی یەکەمین قۆناغی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بوو کە لە شوێنێکی ستراتیژیدا ڕێگە بە حەشدی شەعبی درا، خۆی بگەیەنێتە چەند شوێنێکی نزیک لە پێشمەرگە و بەم شێوەیەش، ڕێگە بۆ ئەوە خۆش کرا کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا ئەنجام درا.

هەرچەندە لە پاش کشانەوەشیان لە مەریەم بەگ، وەستا ڕەسووڵ لە میدیاکانەوە دەیگوت “تەمەننا دەکەین بێن”، بەڵام دواتر لەگەڵ سەرجەم ئەو کەسانەی پاساویان بۆ خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەهێنایەوە، لەنێویاندا ئاراس و لاهوور جەنگی، ئاڵا تاڵەبانی، پاڤڵ تاڵەبانی و چەندانی دیکە، بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە بەهۆی نابەرامبەریی هێزەکانەوە ڕووداوەکان ڕوویان داوە.

ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، کەرکووک و زیاتر لە نیوەی خاکی باشووری کوردستان کەوتە دەست میلیشیا و هێزە چەکدارەکانی عێراق، دواتریش کۆسرەت ڕەسووڵ، مەلا بەختیار، شێخ جەعفەر، نەجمەدین کەریم و چەندان بەرپرس و کەسایەتیی دیاری نێو یەکێتی، بە فەرمی ئۆباڵی خیانەتەکەیان خستە ئەستۆی گرووپێکی نێو حزبەکەیان.












باسنيوز
Top