مایک پۆمپیۆ: ئەگەر هێرشەکان بەردەوامبن، تورکیا و ئەردۆغان باجێکی راستەقینە دەدەن

مایک پۆمپیۆ: ئەگەر هێرشەکان بەردەوامبن، تورکیا و ئەردۆغان باجێکی راستەقینە دەدەن
وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، کاردەکەن بۆ ئەوەی تورکیا رازی بکەن کە هێرشەکەی سەر سەر رۆژئاڤای کوردستان رابگرێت، "سەرۆک ترەمپ بەڕونی و بە ئاشکرا و لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوەوە ئەو پەیامەی بە تورکیای گەیاندوە، ئەگەر هێرشەکان بەردەوامبن، تورکیا و ئەردۆغان باجێکی راستەقینە دەدەن".

ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ کورد کاریکردوە، نەوەک تەنیا لە سوریا، بەڵکو لە عێراق و شوێنەکانی دیکەی جیهانیش


مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندوە، "ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ کورد کاریکردوە، نەوەک تەنیا لە سوریا، بەڵکو لە عێراق و شوێنەکانی دیکەی جیهانیش".

دەرفەتمان رەخساند بۆ ئەوەی چیدیکە کورد لەدەستی داعش و تیرۆریزمی ئیسلامی ئازار نەچێژێت


لەبارەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ کورد، پۆمپیۆ وتی، "دەرفەتمان رەخساند بۆ ئەوەی چیدیکە کورد لەدەستی داعش و تیرۆریزمی ئیسلامی ئازار نەچێژێت".

نۆی ئەم مانگە، سوپای تورکیا بە پاڵپشتی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئاسمانی و دواتریش زەمینی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات دەستپێکرد، کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دایە.

تورکیا و سەرۆک ئەردۆغان باجێکی راستەقینە دەدەن ئەگەر لەسەر ئەم رێگەیە بەردەوام بن


وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رونیکردەوە، "کاردەکەین بۆ ئەوەی تورکیا رازی بکەین کە هێرشەکە گونجاو نییە، سەرۆک ترەمپ بەڕونی و بە ئاشکرا و لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوەوە بە تورکیای وتوە، کە تورکیا و ئەردۆغان باجێکی راستەقینە دەدەن ئەگەر لەسەر ئەم رێگەیە بەردەوام بن".

بەهۆی لەشكركێشییەكانی توركیاوە نزیکەی 100 هەزار هاوڵاتی سڤیل ئاوارەبون


رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان دوێنێ لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، بەهۆی لەشكركێشییەكانی توركیاوە نزیکەی 100 هەزار هاوڵاتی سڤیل ئاوارەبون.

رێكخراوە جیهانییەكانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە كە بەهۆی لەشكركێشییەكانی سوپای توركیا بۆ ناوچە كوردنشینەكانی باكوری سوریا، چاوەڕێ دەكرێت كارەساتی مرۆیی گەورە بخوڵقێت.



خەندان
Top