100 هەزار هاووڵاتیی رۆژئاوا بەهۆی هێرشی تورکیاوە ئاوارە بوون
نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت، کە بەهۆی هێرشی تورکیاوە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، 100 هەزار هاووڵاتیی مەدەنی، ئاوارە بوون.
ستیڤان دوجاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ شەممە 12-10-2019 رایگەیاندووە، چەندین راپۆرتیان لەبارەی برینداربوونی هاووڵاتییانی مەدەنی بەهۆی هێرشەکەوە، پێ گەیشتووە.
ستیڤان دوجاریک ئاماژەی بە راپۆرتێکی نووسینگە هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوە، کە باسی لە ئاوارەبوونی 100 هەزار هاووڵاتیی مەدەنی دەکات.
ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانە بەهۆی بۆردومانی سەختی سوپا و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی رۆژئاوای کوردستان، ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە.
رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد.
باسنيوز
