هەولێر.. لە گردبوونەوەیەکدا داوای ڕاگرتنی هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت

هەولێر.. لە گردبوونەوەیەکدا داوای ڕاگرتنی هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی ساز کرا و تێیدا بە توندی ئیدانەی لەشکرکێشیی سوپای تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان کرا.

لە گردبوونەوەکەدا جیاواز لە جەماوەرێکی زۆر لە خەڵکی هەولێر و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هاوکات پەنابەر و ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە هەرێم ئامادە بوون و بە هەڵگرتنی کۆمەڵێک نووسراو لافیتە گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ساز کرد و داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ڕابگرێت.

هاوکات لەگەڵ گردبوونەوەی ناڕەزایی خەڵک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، هاوکات لە باکوور و چەند وڵاتی ئەورووپی کوردانی تاراوگەش گردبوونەوەی ناڕەزاییان ساز کرد و هێرشی تورکیایان ئیدانە کردووە.

لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا ٢٨ وڵاتی ئەورووپی، ئەرمەنستان و ئوسترالیا و نزیکەی ١٠ وڵاتی عەرەبی ئەو هێرشەی تورکیایان بۆ سەر ڕۆژائاوای کوردستان ئیدانە کردووە و داواین کردووە دەستبەجێ ئەو هێرشانە ڕابگیرێت.

لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بڕیارەیان داوە ڕۆژی شەممە خۆپیشاندانی فراوان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ساز بکرێت و بە شێوەیەکی مەدەنیانە ئەو هێرشەی تورکیا ئیدانە بکرێن.

بەگوێرەی زانیارییە میدیاییەکان سوپای تورکیا بە هاوکاریی سوپای ئازادی سووریا کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتیی دەکرێن، بەتەمان بچنە ناو گوندەکانی "سەرێکانی" و لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە بەرپەرچیان دراوەتەوە و شەڕەکە هەتا دێت توندتر دەبێت و بوردمانی فڕۆکەکانی تورکیا لە سنوورەکانی کۆبانێ و سەرێکانی بەردەوامە و هەم لە هێزی شەڕەڤانان و هەم لە خەڵکی سڤیل شەهید و بریندار هەیە.

ڕوانگەی سووری سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سووریا بڵاوی کردووەتەوە هەتا بەیانیی ئەمڕۆ ١٥ کەس شەهید بوون و ٤٥ کەسیش بریندار بوون، بەڵام ئەمڕۆش شەڕ و پێکدادان بەردەوام بووە و هەتا ئێستا دوایین ئامار لەبارەی قوربانییەکان دیار نییە.










باسنيوز
Top