پارێزگاری سلێمانی داوا دەکات هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ڕابگیرێت
د.هەڤاڵ ئەبووبەكر پارێزگاری سلێمانی لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای گەیاند: "ئیدانەی هەرچەشنە شەڕ و ئاژاوە و تیرۆر و ماڵوێرانییەك دەكەین لە هەر شوێنێكی جیهاندا بێت و راشكاوانە ئیدانەی لەشكركێشی سوپای توركیا دەكەین بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، ئومێد دەكەین رێگاچارەی دیپلۆماسییانە و گفتوگۆكردن و ئاشتی و سیاسی جێگای شەڕ و ماڵوێرانی بگرێتەوە".
گوتیشی: "كورد نەتەوەیەكی زیندووە و بە درێژایی مێژوو، یان وڵاتەكەی كراوەتە مەیدانی جەنگ، یان گەنج و لاوەكانی كوژراون و كراون بە سووتماكی شەڕەكان و ئێمە نەچوینەتە سەر ماڵی هیچ كەس و بەردەوام دێنە سەر ماڵمان و ئێمە بەدوای چارەسەریی ئاشتیانەەوەین و دژی شەڕین".
ھەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەش دا: "كورد دۆستایەتیی لەگەڵ هەموو خەڵكی جیهان دەكات، بەتایبەت ئەو نەتەوانەی هاوسنوور و دۆستی ئێمەن، لەو روانگەیەشەوە داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتیی ئەورووپا و باڵیۆزی وڵاتان و توركیا دەكەن، بەو بڕیارەیاندا بچنەوە و كۆتایی بەو شەڕە بهێنن و بچنەوە سەر مێزی گفتوگۆكردن و بەڵای شەڕ لەم ناوچەیە دوور بخەنەوە، جارێكی تر زەمینە بۆ تیرۆریستانی داعش دروست نەكەنەوە".
باسنيوز
