وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: نیگەرانیی جددیم لەبارەی هەنگاوە سەربازییە تاکلایەنەکەی تورکیا هەیە
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا جارێکی دیکە نیگەرانیی جددیی وڵاتەکەی لەبارەی هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند.
دۆمێنیک ڕاب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کرد: “نیگەرانیی جددیم ھەیە سەبارەت بەو ھەنگاوە سەربازییە تاکلایەنەی تورکیا گرتوویەتە بەر”.
ڕوونیشی کردووەتەوە کە ئەم ھەنگاوەی تورکیا، مەترسی دەخاتە سەر سەقامگیریی ناوچەکە، قەیرانی مرۆیی درووست دەکات و کێشە دەخاتە پەرەسەندنەکانی شەڕی داعش کە دەبووایە ئامانجی سەرەکیی ھەموولایەک بووایە.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا باسی لەوە کردووە کە پێشتر تورکیا بە لەخۆوەگرتنی ژمارەیەکی زۆر پەنابەری سووریا، میواندۆستی نیشان داوە، بەڵام “پلانی گێڕانەوەیان لای ئێمە پەسەند نییە تا ئەو کاتەی بارودۆخێکی گونجاو دێتە ئاراوە کە بە خواستی خۆیان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان”.
باسنیوز
