سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبوڵ پشتگیریی هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان دەکات

 سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبوڵ پشتگیریی هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان دەکات


سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبوڵ، کە بە دەنگی کوردانی شارەکە ئەو پۆستەی بە دەست هێنا، پشتگیریی هێرشی سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەکات.

ئەکرەم ئیمامۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبوڵ لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەلایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، دوعا بۆ سەرکەوتنی سەربازەکانیان لە شەڕی دژی رۆژئاوای کوردستان، دەکات.

هەرچەندە ئەکرەم ئیمامۆغڵو یەکێکە لە رکابەرەکانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)، کە رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات، بەڵام لە تویتەکەی ئاماژەی بەوە کردووە، پشتگیریی هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان دەکات، کە بە سەرپەرشتیی ئەردۆغان دەستی پێ کردووە.

رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، لەژێر ناوی (کانیی ئاشتی) دەستی پێ کرد.

ئیمامۆغڵو لە هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبوڵ، کە لە 30-3-2019 ئەنجام درا، سەرکەوت بەسەر کاندیدی ئاکەپە و ئەردۆغان، بەڵام ئاکەپە رەتی کردەوە دان بە سەرکەوتنەکەی بهێنێت و ئەردۆغانیش بڕیاری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکەی، دا.

لە رۆژی 23-6-2019، هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبوڵ ئەنجام درایەوە و تیدا ئەکرەم ئیمامۆغڵو بە سەرۆکی شارەوانیی ئەو شارە، هەڵبژێردرا.

چاودێرانی سیاسی باس لەوە دەکەن، ئیمامۆغڵو بە دەنگی کوردانی ئیستەنبوڵ سەرکەوتنی بەدەست هێنا، دوای ئەوەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) داوای لە کوردان کرد دەنگی پێ بدەن.



باسنیوز
Top