تورکیا لە ئاسمان و زەمینەوە هێرشدەکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان

تورکیا لە ئاسمان و زەمینەوە هێرشدەکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان
دوای زیاتر لە شەش کاژێر لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی سوپای تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان، وەزارەتی بەرگری تورکیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، دەستیان بە هێرشی زەمینی کردووە. بەوپێیەش، تورکیا لە ئاسمان و زەمینەوە هێرش دەکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان.

به‌پێی ئه‌و راگه‌یێندراوه‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی به‌رگریی توركیا بڵاوكرایه‌وه‌، سوپای توركیا و سوپای نیشتمانیی سووریا له‌ چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی "كانی ئاشتی"دا ده‌ستیان به‌ هێرشی وشكانیی له‌ رۆژهه‌ڵاتی فورات کردووە. ئەوەی پێشتریش هەبووە بەتەنها بۆمباران و هێرشی ئاسمانی بووە.

بەپێی زانیارییەکان ئاماری کوژراو و بریندارەکان بەمشێوەیەیە:

- دوو ئافرەت و پیاوێکی سریانی لە قامشلۆ گیانیان لەدەستداوە.

- لە سەرێکانیێ دوو سڤیل کوژراون و دووانی دیکەش برینداربوونە.

- لە کۆبانێ دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.

- لە دەرباسێ، دوو کەس کوژراون و شەش کەسی دیکەش برینداربوونە.

هاوکات روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، لە شەش کاژێری یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی فورات هەشت کەسی سڤیل کوژراون لەنێو کوژراوەکاندا دوو هاوژین و منداڵەکەیان گیانیان لەدەستداوە.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە حەوت شەڕڤانیان کوژراون و 28 شەڕڤانی دیکەش برینداربوونە.

ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆککۆماری تورکیا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رۆژهەڵاتی فوراتی راگەیاند و لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەدا، فڕۆکەکانی تورکیا ناوەندی سەربازیی سەرێکانیێ ـیان لە رۆژئاوای کوردستان بۆردوومانکرد.

لە یەکەم کاردانەوە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رۆژهەڵاتی فورات لەلایەن سەرۆککۆماری تورکیاوە، هێزەکانی سووریای دیموکرات داوا لە ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکات ناوچەی دژەفڕین بۆ باکووری رۆژهەڵاتی سووریا رابگەیەنێت.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەوە رایگەیاند، دەرئەنجامە نەرێنییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا تەنیا لە سنووری ئەو وڵاتە نامێنێتەوە و پێویستە کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆ و ئاشتیانە چارەسەر بکرێن.

لە کاردانەوە نێودەوڵەتییەکانیشدا هەریەک لە ئەڵمانیا و فەرەنسا "بەتووندی" سەرکۆنەی هێرشی تورکیایان بۆسەر رۆژئاوای کوردستان کرد و یەکێتی ئەوروپاش دەڵێت، پارە بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام خەرج ناکەن.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش لە راگەیێندراوێکدا کە کۆشکی سپی بڵاویکردەوە رایگەیاند، بە روونی بە تورکیایان گوتووە بیرۆکەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەیان خراپە و ئەوان پاڵپشتی ئەو هێرشە ناکەن.
Top