دروستکردنی خانوو و شوققەی کرێنشینان لە سیتەک و زڕگوێز راگیراون
ئاراس سەباح، ئەندازیارى جێبەجێکارى پرۆژەکە دەڵێت "کۆمپانیا لە توانایدا نییە ئەو هەموو پارەیە دابینبکات، لەم کاتەشدا حکومەت بودجەکەی رادەگرێت کە ئێمە گەشتووینەتە کۆتایی کارە قوورسەکان و خۆمان ئامادە کردبوو بۆ قیرتاوکردن".
پرۆژەکە لە ساڵى 2009ـەوە دروستکردنى درا بە کۆمپانیایەکى ئەڵمانى و تەواویکردن، دواتر دابینکردنى خزمەتگوزارییەکانى بە گوژمەى 45 ملیار دینار، درایە کۆمپانیایەکى خۆماڵى، پرۆژەکە بۆ ئەو کرێنشینانەیە کە خاوەنى 11 و 12 خاڵن.
سۆران سەعید سەرپەرشتیاری پرۆژەکە لە ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی باس لەوە دەکات "لیژنەیکى هاوبەش فۆڕمیان پڕکردووەتەوە بە خاڵبەندى بۆ کرێنشینان و کەسوکارى شەهیدان، کەى هەموو کارەکان تەواوبوون، ئەوکات بە تیروپشک پێیان دەدرێت".
کرێنشینێکیش باس لەوە دەکات "ئەو هەموو پرۆژە زەبەلاحانەى دروستکراون، بۆ کرێنشینان نییە کە بتوانێت بیکڕێت، دەبێت ئەم کابینە نوێیە هەوڵ بدات پرۆژەکانى کرێنشینان بەردەوامبن".
دوو جاری دیکە بەهۆى قەیارنى داراییەوە کارەکانی ئەو پرۆژەیە راگیراون، ساڵى رابردوو بە بڕیارى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستان مانگى ملیارێک دینار بۆ دەستپێکردنەوەى دابینکرا و تاوەکو مانگى رابردوو پارەکان دراون، بەڵام کابینەى نوێ هەفتەى رابردوو خەرجکردنى پارەى ئەو پرۆژە و هەزارانى دیکەى راگرتووە.
