فەرماندەی گشتیی هەسەدە: بۆ بەرەنگاربوونەوەی تورکیا بیر لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ بەشار ئەسەد دەکەینەوە

فەرماندەی گشتیی هەسەدە: بۆ بەرەنگاربوونەوەی تورکیا بیر لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ بەشار ئەسەد دەکەینەوە
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رای گەیاند، بیر لەوە دەکەنەوە کە بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکەی تورکیا، لەگەڵ ڕژێمی سووریا هەماهەنگی بکەن.

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە بۆ وێستگەی (NBC News) رای گەیاندووە، هێزەکانیان راسپێردراون بە پاسەوانیکردنی هەزاران چەکداری دەستگیرکراوی داعش کە پێش هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی تورکیا، بەرەو سنوورەکان دەچن.

ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە پاش ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێگەی لەبەردەم تورکیا کردووەتەوە، هێرش بکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، پاسەوانیکردنی چەکدارەکانی داعش لە ئەولەویەتی یەکەمی کارەکانی هەسەدە نەماوە.

ڕوونیشی کردووەتەوە کە ئەو شەڕڤانانەی هێزەکانیان کە ئەرکی پاراستنی بەندیخانەکانیان لەئەستۆ بوو، وەک خۆئامادەکردن بۆ شەڕ لەگەڵ سوپای تورکیا، دەچنە سنوورەکان. دەشڵێت: “خانەوادەی سەرجەم شەڕڤانەکانمان لە ناوچە سنوورییەکانن، بۆیە دەچنەوە بۆ بەرگریکردن لە خانەوادە و خاکەکەیان”.

مەزڵوم عەبدی نەیشاردووەتەوە کە ئەم بڕیارەی ترەمپ بووەتە هۆی بێهیواکردنیان و بە هۆکارێک بۆ لەدەستدانی متمانەی ئەمریکا لەلای هاوپەیمانەکانی لەقەڵەمی داوە.

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاشکرای کردووە: “ئێستا ئێمە دیراسەی ئەوە دەکەین کە لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا هاوبەشی بکەین، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی تورکیا”. ئەوەشی بە یەکێک لە بژارەکانی بەردەمیان لەقەڵەم داوە.

بە گوتەی عەبدی، هێزەکانی هەسەدە لە بەندیخانەکانیاندا ١٢ هەزار چەکداری تیرۆریستی داعشیان ڕاگرتووە کە ٢ هەزاریان بیانین.












باسنيوز
Top