نێچیرڤان بارزانی و لاڤرۆڤ دۆخی عێراق و ناوچه‌که تاوتوێ ده‌که‌ن
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 7/10/2019 له هه‌ولێر، له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێز لاڤرۆڤ به‌رده‌وامیی پشتگیریی ڕووسیای بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه و خۆشحاڵیی خۆی بۆ به‌ره‌وپێشچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و دیالۆگی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق ده‌ربڕی.
به‌ڕێزیان سوپاسی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی كه به كه‌رتی تایبه‌ت و كۆمپانیا ڕووسییه‌كان دراوه تا وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن به‌تایبه‌تیش له كه‌رتی وزه‌دا، هه‌روه‌ها به‌رده‌وامیی هاوكاریی وڵاته‌كه‌یشی بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر دووپات كرده‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه به‌ڕێزان جێگرانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری به‌ڕێز وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا ئاماده‌ی بوون، هه‌ردوولا په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ مۆسكۆ، مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر له عێراق و ناوچه‌كه، دوایین پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه به‌گشتی، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و چه‌ند پرسێكی دیكه‌یان تاوتوێ كرد.
