هۆشیار زێباری: سەرۆک بارزانی داوای لە لاڤرۆڤ کرد نەهێڵێت رۆژئاوای کوردستان تووشی زیان بێت
ئەمڕۆ دووشەممە 7-10-2019 سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا دوای سەردانی بۆ بەغدا گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیلێکرا.
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان بەشداری کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و لاڤرۆڤی کرد و راگەیاند: "نیگەرانی خۆمان لە دۆخی رۆژئاوای کوردستان بە لاڤرۆڤ راگەیاند، جەنابی سەرۆک بارزانی داوای لە لاڤرۆڤ کرد رووسیا هێزی خۆی بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان تووشی راکردن لەو ناوچانە نەبێت بەهۆی ئەو دۆخەی کە تووشی ئەو ناوچەیە هاتووە، ئەمەش لەبەرئەوەی کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستانیش دروست نەکات".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان سەردانەکەی لاڤرۆڤ بە مێژووی ناودەبات و دەشڵێت: "لاڤرۆڤ وەزیری دەوڵەتێکی زلهێزە و سەردانەکەی گرنگ بوو بۆ کوردستان و کۆبوونەوەکەش کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی بوو، بۆچوونەکانیش نزیکبوون لەیەکەوە. لاڤرۆڤ زۆر پێی باشبوو کە ئەو نزیکبوونەوە لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە".
بەگوتەی هۆشیار زێباری "لاڤرۆڤ لە کۆبوونەوەکەدا تەئکیدی لەسەر کاری کۆمپانیا رووسییەکان لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە، بێگومان سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حکومەتیش پشتگیری ئەم کۆمپانیایانە دەکەن".
لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ هەولێر، سێرگی لاڤرۆڤ بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و باسیان لە پەیوەندییە سەربازیی و سیاسییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و رووسیا کرد.
دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکانیشی لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوەی رووسیا هەولێری جێهێشت.
