لیژنەی هەماهەنگی نێوان پەرلەمان وحکوومەت تایبەت بە پڕۆژە یاسای چاکسازی کۆبووەوە
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی پێویست دەربارەی یاسای چاکسازی کرا و چەخت لە سەر گرنگی ئامادەکردنی یاساکە و ناردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان کرایەوە.
مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بە گرنگی ئەنجامدانی چاکسازی کرد کە تەوەرێکی گرنگی هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە . لەمبارەیەوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران گوتی ” خواست و ئیرادەمان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی زۆر بەهێزە و بە هاوکاری پەرلەمانی کوردستان ئەنجامی دەدەین. ئامانجی چاکسازییش بەدیهێنانی دادپەروەی و بەدامەزراوەییکردنی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانە و پرۆسەی چاکسازیش دەبێ لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی و زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت“.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە گفتوگۆی زیاتر دەربارەی پڕۆژە یاساکە بکرێت و کۆبوونەوەکان لەمبارەیەوە بەردەوام دەبن تا گەڵاڵەکردنی رەشنووسی کۆتایی و ناردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان. پرۆسەی چاکسازیش بە جۆرێک دەبێت کە دادەپەوەری لە بەرچاو دەگیرێت و مووچەخۆری شایستە، ماف و شایستە داراییەکانی بە پێی یاسا و رێنماییەکان پارێزراو دەبێت.
