ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان دەکشێتەوە و ئەردۆغان هەڕەشەکانی جێبەجێ دەکا
هێزەکانی سوپای ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان دەکشێنەوە و سەرۆک کۆماری تورکیا هەڕەشەکانی جێبەجێ دەکات.
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، درەنگانی شەوی یەکشەممە 6-10-2019، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام داوە.
لە پەیوەندییەکەدا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، کە هێزەکانی وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان سووریا و تورکیا دەکشێتەوە و بە کۆتییهاتنی شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعشیش، بە تەواوی لە رۆژئاوای کوردستان دەکشێنەوە.
دۆناڵد ترەمپ هەروەها رایگەیاندووە، کە ئەمریکا پاڵپشتیی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ناکات.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی فەرمیی تورکی، هێزەکانی فرقەی هەمزە و کەتیبەی سلێمان شای سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە هەماهەنگیی لەگەڵ سوپای تورکیا، لە عەفرین مەشق بۆ داگیرکردنی رۆژهەڵاتی رووباری فورات لە رۆژئاوای کوردستان دەکەن.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ماوەیەکە هەڕەشەی لەشکرکێشی بۆ رۆژهەڵاتی رووباری فورات لە رۆژئاوای کوردستان دەکات.
پێشتر مستەفا بالی، گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) رایگەیاندبوو، لە ئەگەری هەر هێرشێکی سوپای تورکیا، ”شەڕێکی فرەلایەن“ لە دژی تورکیا و بەرژەوەندییەکانی، هەڵدەگیرسێنن.
هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.
باسنیوز
