د.ئارام بالەتەیى گوتەبێژى فراکسیۆنى پارتى لەپەرلەمانى عێراق: خۆپێشاندانەکان کاریگەری نەرێنییان لەسەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا نابێ

د.ئارام بالەتەیى گوتەبێژى فراکسیۆنى پارتى لەپەرلەمانى عێراق: خۆپێشاندانەکان کاریگەری نەرێنییان لەسەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا نابێ
گوتەبێژى فراکسیۆنى پارتى لەپەرلەمانى عێراق رایگەیاند ئەگەر بارودۆخی بەغدا ئاسایى بێتەوە شاندى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغدا دەکەن بەمەبەستى گفتوگۆکردن سەبارەت بە پشکى هەرێم لە بودجەى عێراق.



د.ئارام بالەتەیى گوتەبێژى فراکسیۆنى پارتى لەپەرلەمانى عێراق راگەیاند: بڕیارە رۆژى سێشەممەى داهاتوو شاندێکى باڵای هەرێمى کوردستان سەردانى بەغدا بکەن بەمەبەستى گفتوگۆکردن لەبارەى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتى عێراق بۆساڵى 2020، شاندەکە لەگەڵ بەرپرسانى عێراق لە ئەنجوومەنى وەزیران گەنگەشەى دوایین پێشهات دەکەن بۆ دروستکردنى لێکتێگەیشتنێکى هاوبەش ئەوەش لەپێناو گەیشتن بە ئەنجامێکى باش بۆ رێککەوتنى هەردوولا لەسەر پشکى هەرێم لەبودجەى گشتى عێراق".



راشیگەیاند: " ئەگەر بارودۆخى بەغدا ئاسایى نەبێتەوە و خۆپیشاندانەکان بەردەوامبن زەحمەتە شاندى هەرێم بتوانن لە رۆژى دیاریکراودا بگەنە بەغدا چونکە ئێستا سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیران و پەرلەمانى عێراق سەرقاڵى ئاسایکردنەوەى بارودۆخەکەن رەنگە نەتوانن لەم کاتە هەستیارە بپرژێنە سەر ئەو بابەتە، لەوکاتەشدا سەردانەکە دوادەخرێت بۆ رۆژانى داهاتوو".



لەبارەى کاریگەرى ئەو خۆپێشاندانانە لەسەر گفتوگۆى نێوان هەولێر و بەغدا گوتەبێژى فراکسیۆنى پارتى ئاماژەى بە ئەوە کرد" پەیوەندى نێوان هەولێر و بەغدا زۆر ئاساییە و رۆژ لە دواى رۆژ بەرەو باشى دەچێت بۆیە ئەو خۆپێشاندانانە هیچ کاریگەرییەکى خراپیان لەسەر ئەوپرسە نییە، بەرپرسانى هەرێمیش بەردەوام لەسەرهێڵن لەگەڵ بەرپرسانى عێراق بۆ ئاساییکردنەوەى بارودۆخەکە".





باسنیوز
Top