ئهنجامی وهرگرتنی قوتابیانی 12ی ئامادهیی پهسند كرا
ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجوومەنى وەزارەت بەسەرۆکایەتى ئارام محهمهد قادر سەرۆکى ئەنجوومەن و ئامادەبونى سەرۆک زانکۆ حکومییەکان کۆبوونەوەى تەواوکارى ژمارە (5) ساڵى 2019ى لەشارى سلێمانى ئەنجامداو چەند تەوەرو بابەتێکى پەیوەست بە پێشخستنى رەوشى خوێندنى باڵاى کوردستان بڕیاریان لێوەدرا. لە گرنگترین بڕیارەکانى ئەنجومەنى وەزارەت:
کۆنوسى لێژنەى سێنتەرەکانى زمان پەسەندکرا:
سەبارەت بە پەسەندکردنى کۆنوسى لێژنەى سەرپەرشتیکردنى سێنتەرەکانى زمان بەمەبەستى پێداچونەوە بە مەرج و رێنماییەکانى زمانى ئینگلیزى لە کاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا و سەرپەرشتى کردنى کاروبارى سێنتەرەکان، ئاماژە بۆ ئەوە کرا کۆنوسەکان لەبەرژەوەندى خوێندکاران و هەمو ئەو کاندیدانەیە کە سەرقاڵى ئەم پرۆسەیەن، بۆ ئەمەش د. محمد حوسێن سەرۆکى لێژنەى پێداچونەوە بە رێنمایەکانى زمانى ئینگلیزى ئاماژەى پرۆگرامەکانى خوێندن و تاقیکردنەوەى دیاریکردنى ئاست و خولى راهێنان و ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى کۆتایى و هەڵسەنگاندنى کۆتایى خولەکان و تاقیکردنەوەى کۆتایى و دانانى پرسیار و لێژنەى تاقیکردنەوەکان و لێژنەى راستاندن و گازاندەو کاتى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکانى کۆتایى کردو بۆ ئەندامانى ئەنجوومەنى وەزارەتى خستەڕوو.
ڕێنماییەکانى کردنەوەى خوێندنى ماستەرو دکتۆرا پەسەندکران:
لەبارەى کردنەوەى خوێندنى باڵا/ ماستەرو دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، دواى راگۆڕینەوەى ئەندامانى ئەنجوومەنى وەزارەت و گفتوگۆکردن لەسەر یەکە بە یەکەى بڕگە و مادەکانى پەیوەست بە پوختەى رێنماییەکانى ماستەرو دکتۆرا لەوانە (مهرجی تێكڕای نمره (معدل)، مهرجی توانستی زمانی ئینگلیزی، مهرجی تاقیكردنهوهی توانستی زانستی، مهرجی تهمهن، مهرج و پێداویستی كردنهوهی ماستهر و دکتۆرا له زانكۆكان، پێشكهشكاری دهرهوهی شارهكانی ههرێمی كوردستان و دهرهوهی عێراق، پێداویستیه زانستییهكانی خوێندن، پلان و ژمارهی كورسیهكان ... هتد) تاوتوێکران، دواتریش ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رێنماییەکانى ماستەرو دکتۆراى پەسەندکرد.
بۆ پەسەندکردنى رێنماییەکانیش د. ئارام محهمهد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، لەمەودوا و لە رێگەی پلانەکانی خوێندنی ماستەر و دکتۆراوە دەتوانین دەرفەتی زیاتری خوێندنی باڵا بۆ دەرچوانی زانکۆکانمان لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان دەڕەخسێنین بۆ ئەوەی بتوانن کاتەکانیان بەکار بهێنن بۆ گەشەپێدانی توانای زانستی و ئەکادیمییان.
وابڕیارە لەداهاتویەکى نزیکداو دواى پوختکردنى رێنماییەکان بەو گۆڕانکارییانەى لە کۆبوونەوەکەدا بڕیارى لێدرا، رێنماییەکان بڵاودەکرێتەوە بۆ ئەوەى خوازیاران بتوانن ئاشنای تەواوى رێنماییەکان بن و خۆیان بۆ خوێندنى ماستەرو دکتۆرا ئامادەبکەن.
ئەنجامى وەرگرتنى خوێندکارانى دوانزەى ئامادەیى پەسەندکرا:
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا ئەنجامى وەرگرتنى خوێندکاران/ قوتابیانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (2019-2020) پەسەندکرا. واش بڕیارە لە داهاتویەکى نزیکدا ئەنجامى وەرگرتن رابگەیەنرێت.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا چەند بابەت و تەوەرێکى دیکەى پەیوەست بە بوارى زانستى و خوێندکاران و کارگێڕى پەیوەست بە زانکۆکان و دامەزراوە زانستیەکانى هەرێمى کوردستان و داواکارى و پێشنیازى مامۆستاو فەرمانبەر و هاووڵاتیان گفتوگۆى لەبارەوە کراو بەپێى پەیوەندى و لە چوارچێوەى یاساو رێنماییە کارپێکراوەکان بڕیاریان لێدرا.
