وەزیری دەرەوەی رووسیا دەگاتە بەغدا و دواتر سەردانی هەولێر دەکات
شێرکۆ میروەیس، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق راگەیاند: بەپێی ئەو پلان و بەرنامەیەی دانراوە، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا سبەی دووشەممە سەردانی عێراق دەکات و بە فەرمی پێشوازی لێدەکرێت. دواتریش سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات. سەردانەکەشی دوو رۆژ دەخایەنێت.
پێشتر ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاندبوو، وەزیری دەرەوەی رووسیا رۆژانی 7 و 8ـی ئەم مانگە سەردانی عێراق دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لە بەغدا کۆدەبێتەوە. دواتریش سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
میخایل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیاش لەبارەی سەردانەکە و کۆبوونەوەکانی لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوە کرد، لاڤرۆڤ مەبەستییەتی لەسەردانەکەیدا بۆ هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
سەردانەکەی لاڤرۆڤ بۆ هەرێمی کوردستان یەکەمین سەردانی دەبێت، ئەمەش لەدوای ئەوەی ئێستا هەرێمی کوردستان و رووسیا پەیوەندی بازرگانی بەهێز لەنێویاندا هەیە و کۆمپانیای رۆز نەفت، گەورەترین کۆمپانیای نەوتی رووسیا لە هەرێمی کوردستانە.
لە چەند ساڵی رابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و مۆسکۆ بەهێزتربوونە، لە ساڵی 2017 یەکەمین رێککەوتن لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و رۆز نەفت ئەنجامدرا.
لە ئایاری 2018، شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتە و سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستان چوونە رووسیا و لەوێ لەگەڵ ڤلادمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆبوونەوە.
هەروەها لە سەردانەکەیدا بۆ رووسیا، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شاندێکی باڵای حکومەتی رووسیا بە سەرۆکایەتیی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری سان پێترسبۆرگ کۆبوونەوە و لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی نێوان مۆسکۆ و هەولێر گفتوگۆیانکرد.
هەروەها لە مانگی شووباتی ئەمساڵ، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و هەروەها رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر بۆسەر ناوچەکە کرا.
هەرێمی کوردستان و رووسیا پەیوەندییەکی مێژوویان هەیە و مێژووی ئەم پەیوەندییە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یەکێتی سۆڤییەتی جاران.
