سیروان ڕۆژبەیانی: ھاوپەیمانیی کوردستانی کاریگەری لەسەر کۆکردنەوەی دەنگی کورد دەبێ

سیروان ڕۆژبەیانی: ھاوپەیمانیی کوردستانی کاریگەری لەسەر کۆکردنەوەی دەنگی کورد دەبێ
زۆرینەی لایەنەکانی کورد بە لیستی ھاوپەیمانیی کوردستانی بەشداری لە ھەڵبژاردنی مانگی نیسانی داھاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا دەکەن و بەرپرسێکی کوردیش پێی وایە، ھاوپەیمانیی کوردستانی کاریگەریی لەسەر دەنگی کورد دەبێت.

سیروان ڕۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری مووسڵ ڕاگەیاند: "ھاوپەیمانیی کوردستانی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بۆ کورد گرینگە، چونکە یەکدەنگیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەبێتە ھۆی زیادبوونی دەنگی کورد لەو ناوچانە و دەنگی کورد پەرت نابێت، لەبەر ئەوە، یەکھەڵوێستی و یەکلیستیی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کاریگەریی لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان دەبێت.

جێگری پارێزگاری مووسڵ گوتیشی: "بەھۆی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقەوە لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا گۆڕانکاری ڕوو دەدات، لەبەر ئەوە یەکگرتنی لایەنەکانی کورد بۆ قۆناغی ئێستا و داھاتوو لەجێی خۆیدا بووە."

پەیوەست بە خۆئامادەکردنی لایەنەکان بۆ ھەڵبژاردنی مانگی نیسانی ساڵی داھاتوو، سیروان ڕۆژبەیانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەموو لایەنەکان ئازادن، چۆن خۆیان بۆ ھەڵبژاردن ئامادە دەکەن، ئێمەش وەک حکوومەتی خۆجێی مووسڵ ئامادەین ئەو دەرفەتە بگونجێنن تا لایەنەکانی بەشدار لە ھەڵبژاردندا بتوانن بە شێوەیەکی ئازادانە ئامادەکاری بکەن."
Top