پلانێکی عەبدولمەهدی بۆ داهاتووی وڵاتەکەی ئاشکرا دەکرێت
ماڵپەڕی (سۆمەرییە نیوز) لە زاری ”سەرچاوەیەکی بەرپرسە“ـەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پلانێکی بۆ کارەکانی داهاتووی حکوومەتەکەی، داناوە، کە یاریدەدەرەکانی سەرپەرشتی دەکەن.
ئەو سەرچاوەیە رایگەیاندووە، عادل عەبدولمەهدی بە نیازە گۆڕانکارییە لە پۆستی وەزیرەکانی کابینەکەی ئەنجام بدات، جگە لە دامەزراندنی دادگایەکی باڵا بۆ رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی، بۆ ئەوەی هەموو ئەو گەندەڵییانەی لە حکوومەتەکانی پێش خۆی کراون، بخاتە بەردەم ئەو دادگایە.
هەروەک سۆمەرییە نیوز بڵاوی کردووەتەوە، بەشێکی دیکەی پلانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بنبڕکردنی بێکاری و هەژارییە لە وڵاتەکەی، بە پێدانی قەرز بە هاووڵاتییان و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆیان.
یەکێکی دیکە لە پلانەکانی عادل عەبدولمەهدی، پێکهێنانی لێژنەیەکی هەمیشەییە لە هەموو پارێزگاکان، کە ئەندامانی کەسانی ئەکادیمی، کۆمەڵایەتی و زانستی بن و دووربن لە حزبە سیاسییەکان، بۆ ئەوەی رێنمایی حکوومەت بکەن لەبارەی بارودۆخی پارێزگاکانیان.
ئەو سەرچاوەیە بێ بەریبوونی عادل عەبدولمەهدی لەو هەڵە و کەموکوڕییانە راگەیاند، کە لە سەردەمی حکوومەتەکانی پێش خۆی، کراون.
باسنيوز
