تەرمی خه‌زال سیدۆ لە ئەڵمانیا بەخاکسپێردرا

تەرمی خه‌زال سیدۆ لە ئەڵمانیا بەخاکسپێردرا
ئەمڕۆ تابووتەکەی خه‌زال سیدۆ، ژنە چالاکڤانی کورد بە ئاڵای کوردستانەوە بەرەو گۆڕستانی شاری بۆن بەڕێکرا و لەوێ بە ئامادەبوونی سەدان کەس کە لە شارە جیاوازەکانی ئەوروپاوە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئامادەبوون، بەخاکسپێردرا.

خەزال سیدۆ، ژنە چالاکڤانی کورد کە زۆربەی کوردەکان لە سۆشیاڵمیدیا بە دایکی کوردان ناوی دەبەن. دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆربوو بوو تووشی نەخۆشییەکی سەخت ببوو، رۆژی 27-9-2019 کۆچی دواییکرد.

ئەوانەی بەشدارییان لە رێوڕەسمی خەزال کرد، کوردانی هەر چوارپارچەی کوردستان و خەڵکی ئەڵمانیا بوون، بەشێکی زۆریان بەدەم رشتنی فرمێسکەوە یادگارییەکانی خۆیان لەگەڵ ئەو چالاکڤانە کوردە کە ماوەی 52 ساڵ بوو دەستی هاوکاری بۆ کوردان رادەکێشا، دەکرد.

خەزال سیدۆ لە 2-2-1944 لە گوندی باسۆتێی سەر بە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان لەدایكبووە و لە خانەوادەیەکی دیاری کوردی ئێزدی هەرێمی عەفرین بوو.

لە ساڵی 1968 دەبێتە ئەندامی رێکخراوی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا ( KSSE ) و ئەو کاتە تاکە ژنی ئەندام بووە لەو رێکخراوەدا، لە ساڵی 1971 بووەتە ئەندامی رێکخراوی گەلانی ژێر هەڕەشە.

ساڵی 1990 بە هاوکاری ئەو، 300 هەزار مارکی ئەڵمانی لەلایەن هەرێمی نۆردراین فێستڤاڵن ( NRW ) وەك هاوکاری ئاوەدانکردنەوە بۆ گوندەکانی باشووری کوردستان نێردراوە و لە سێ گوند نزیکەی 100 خانوویان دروستکردوە.

27 ساڵ ئەندامی ناوەندی کوردی لە شاری بۆن بوو. خەزال سیدۆ هاوکاری هەموو کوردەکانی بەبێ جیاوازی کردووە و کەسێکی زۆر خۆشەویست بوو لەناو کوردانی ئەڵمانیا و هەموو ئەوروپا، بۆیە زۆربەی کوردەکان لە سۆشیالمیدیا بە دایکی کوردان ناوی دەبەن.

لە تەمەنی منداڵی لە عەفرین، دیمەشق و لازقیە ژیاوە و هەر لە تەمەنی گەنجێتیدا بۆ مافی کورد و بەتایبەتی مافی ژنان خەباتی کردووە، لە ساڵی 1967 چووەتە ئەڵمانیا و خوێندنی پەرستاری تەواوکردووە، لە ساڵی 1972 لەگەڵ د. ساڵح سیدۆ، کەسایەتییەکی دیاری عەفرین دەبنە هاوژین و سێ کوڕیان هەیە.
Top