منداڵێکی سووریی ٩ ساڵان لە بەردەم گۆڕستانێکی تورکیا خۆی خنکاند

منداڵێکی سووریی ٩ ساڵان لە بەردەم گۆڕستانێکی تورکیا خۆی خنکاند
منداڵێکی خەڵکی سووریا کە بەهۆی دۆخی وڵاتەکەیەوە ئاوارەی تورکیا بووە، لە بەردەم گۆڕستانێک و لەئەنجامی سووکایەتیپێکردنی بەهۆی سووری بوونی، خۆی خنکاند.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (یەنی شەفەق)ی تورکی، منداڵێکی ٩ ساڵان بە ناوی (وائل السود) کە خەڵکی پارێزگای (حەما)یە لە سووریا و لەگەڵ خانەوادەکەی وەک ئاوارە لە شاری (کۆجە ئیلی) لە تورکیا دەژیا، خۆی خنکاندووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، سەرەتا وازاندراوە کە کوژراوە، بەڵام پاش لێکۆڵینەوە، دەرکەوتووە کە هیچ شوێنەوارێکی کوشتن لەئارادا نییە و منداڵەکە بەهۆی فشارێکی گەورە لەسەر گەرووی خنکاووە.

دایکی وائیل گوتوویەتی کە ڕۆژی ڕووداوەکە، کوڕەکەی گەڕاوەتەوە ماڵەوە و چێشتی بۆ ئامادە کردووە، بەڵام نەیخواردووە و گوتوویەتی دەچێت بۆ مزگەوت، کەچی تەرمەکەی دوای خنکانی دۆزراوەتەوە.

ڕۆژنامەکە دەڵێت، ئەو ڕۆژەی منداڵەکە خۆی خنکاندووە، لەلایەن مامۆستایەکی تورکەوە سووکایەتی پێکراوە، بەهۆی ئەوەی کە خەڵکی سووریایە، پێشتریش چەندان جاری دیکە ئەو منداڵە جنێوی پێدراوە و سووکایەتی پێکراوە بەهۆی ئاوارەبوونیەوە.

هەر دوێنێ هەینی ٤ی ١٠ی ٢٠١٩، مەراسیمی ناشتنی وائیل لەلایەن خانەوادەکەی بەڕێوە چوو، پاش ئەوەی فەرمانگەی پزیشکی دادوەریی شارەکە تەرمەکەیان ڕادەستی کەسوکارەکەی کرد.












باسنيوز
Top