"ئەگەر یاسای هەڵبژاردن هەموار نەكرێتەوە دەنگی 200 هەزار كوردی كەركووك دەفەوتێت"
ئەمڕۆ شەممە 5/10/2019، مەریوان جەلال، بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی لقی كەركووكی پارتی، ڕايگەیاند: "وەكوو پارتی داوامان كردووە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق هەموار بكرێتەوە، بەتایبەت ئەگەر دۆخی كەركووك بەم شێوەیەی ئێستا مایەوە و كۆمیسیۆن سندووق بۆ ئاوارەكان لە هەرێم دانەنێت، ئەوا 200 هەزار دەنگی كوردی كەركووك دەفەوتێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، بەڵام ئێمە هەر هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی دەنگ بدەن بە هەر شێوەیەك بێت".
گوتیشی: "ئێستا رۆژانە عەرەبێكی زۆری هاوردە دەهێنرێنە شارەكەوە و تەنانەت بۆ كەسوكاری چەكدارانی داعش كە لە سنووری مووسڵەوە هێنراون بۆ سنووری كەركووك، كارتی زانیاری، هەروەها فۆرمی خۆراكی كەركووكیان بۆ دەردەكرێت، بەوەش رێژەی دەنگی عەرەب بۆ هەڵبژاردنەكان زیاد دەكات".
بڕیارە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بە كەركووكیشەوە ئەنجام بدرێت و كوردیش لە دادگا تانەی لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكە داوە بەتایبەت لە بابەتی هێنانی سندووقی دەنگدان بۆ ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان، بەڵام تاكوو ئێستا ئەو پرسە یەكلا نەبووەتەوە و كوردیش بڕیاری بەشداریكردنی لەو هەڵبژاردنە داوە".
باسنيوز
