تورکیا بەڵێنێک بە پەرلەمانی کوردستان دەدات
ئەمڕۆ پێنجشەممە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و رەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان سەردانی کۆنسوڵگەی گشتیی تورکیای لە شاری ھەولێر کرد، بە مەبەستی گەیاندنی گرفتی گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانی تورکیا کە لە کاتی گەشتکردندا لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە بۆیان دروست دەکرێت.
رێبوار بابکەیی سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند "لیژنەکەمان ئەمرۆ سەردانی کۆنسوڵگەی تورکیای لە شاری ھەولێر کرد بە مەبەستی گەیاندنی گلەیی و ناڕەزایی گەشتیارانی ھەرێمی کوردستان کە لە کاتی گەشتکردنیان لە فرۆکەخانەکانی تورکیا گرفتیان بۆ دروست دەکرێت".
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە گوتیشی بە روونی کێشەی گەشتیارانی ھەرێمی کوردستانیان بۆ کۆنسوڵی تورکیا باس کردووە و داوایان کردووە ئەو کێشانە لە فرۆکەخانەکان بە بیانووی جۆراوجۆر بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دروست نەبێت.
رێبوار بابکەیی هەروەها گوتی كە کۆنسوڵی تورکیا باسی لە حاڵەتەکانی دیپۆرتکردنەوەی ھاووڵاتیان کردووە و گوتوویەتی لە ساڵی٢٠١٤دا، ١٤٣ ھاووڵاتی عێراقی دیپۆرت کرانەوە، کە زۆربەیان پەیوەندی بە دۆخی ئەمنیی تورکیاوە ھەبووە لە چوارچێوەی یاسای تورکیا.
کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لەبارەی پشکنینی مۆبایل و سەیرکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی گەشتیارانیشەوە گوتوویەتی كە ھیچ گەشتیارێک لەبەر ھۆکاری سومبولی ھەرێمی کوردستان نەگەڕێندراوەتەوە، بەشێک لەو کەسانەش رێکاریان بەرامبەر گیراوەتە بەر، لەبەر کۆمەڵێک بابەت و وێنە بووە کە دژی سیاسەتی تورکیا بوون.
لە بارەی وەڵامی کۆنسوڵیشەوە بۆ چارەسەری ئەو کێشانە، بابکەیی گوتی کۆنسوڵ بەڵێنی داوە چارەسەری ئەو کێشانە بکرێ، دووپاتیشی كردووەتەوە كە وڵاتەكەی بە یەکسانی چاو لە ھاووڵاتیانی کورد و تورکمان و کرستیان و عەرەب و پێکھاتەکانی دیکەی عێراق دەکات.
جێی باسە پێشتر چەندین جار گەشتیارانی ھەرێمی کوردستان لە کاتی گەشتکردن بۆ تورکیا تووشی کێشە دەبوونەوە لە فرۆکەخانەکان، سەیری ناو مۆبایل و هەژمارەكانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەکرا، ھەر کەسێک وێنەی کەسایەتیی سەرکردەکانی کورد و ئاڵای کوردستانی هەبوایە، تووشی کێشە دەکرایەوە.
پێشتریش مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوای لە تورکیا کردبوو لە فرۆکەخانەکان و شوێنە گەشتیارییەکاندا کێشە بۆ گەشتیارانی كورد دروست نەکرێت.
ھاوینی ئەمساڵ لە شوێنێکی گەشتیاری شاری ترابزۆنی تورکیا بە ھۆی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستانەوە ھێرش کرایە سەر گەشتیارانی ھەرێمی کوردستان، ئەمەش کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا ھێنا و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەیاننامەیەکی ناڕەزایی بڵاوکردەوە.
