مەهاباد.. هاووڵاتییەک حوکمی٣٠ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپا

مەهاباد.. هاووڵاتییەک حوکمی٣٠ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپا
هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد کە ئێستا لە گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ دەستبەسەرە، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی٣٠ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپا.

بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، حوسێن عوسمانی، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد کە ئێستا لە گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراوە، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهابادەوە حوکمی ٣٠ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

ئەو حوکمە دوێنێ چوارشەممە ٢ی ١٠ی٢٠١٩ لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی "ورمێ"یەوە بە فەرمی بەو بەندکراوە ڕاگەیەندراوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە ساڵی ڕابردوو لە بەندیخانەی ورمێ گوازرابوویەوە بۆ بەندیخانەی مەهاباد، بەڵام ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ٩ی ٢٠١٩ گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ و ئێستا لە بەندی سیاسیی ئەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە.

حوسێن عوسمانی، مانگی مارسی ٢٠١٣ لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و ساڵی دواتر لەگەڵ دوو هاوبەندیی و هاودۆسیەی دیکەی بە ناوەکانی "سابیر شێخ عەبدوڵڵا د یاکۆ ڕەسووڵ‌زادە" لەلایەن لقی یەکەمی دادگای مەهابادەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر "ئەحمەد جەوادی‌کیا" بە تۆمەتی ئەنجامدانی تەقینەوەکەی ساڵی (٢٠١٠)ی شاری مەهاباد و ئەندامەتی لە کۆمەڵە حوکمی سێدارە لە پێش چاوی خەڵکیان بەسەردا سەپا.

حوکمی سێدارەی حوسین عوسمانی دوو ساڵ دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوە هەڵوەشایەوە و دواتر حوکمەکەی بۆ ١٥ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە. بەو حاڵەش دادگای شۆڕشی مەهاباد سەرلەنوێ حوکمی ٣٠ ساڵ بەندکرانی بەسەر ئەو بەندکراوەدا سەپاندووە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی ٦ ساڵی ڕابردوودا بەبێ هەبوونی مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، لە گرتووخانەکانی ورمێ و مەهاباد ڕاگیراوە.












باسنيوز
Top