لەبارەی پچڕاندنی هێڵەکانی ئینتەرنێت وەزارەتێکی حکوومەتی هەرێم وەڵامی بەغدا دەداتەوە
ئومێد محه‌مه‌د ساڵح، گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه و گه‌یاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان به (باس‌نیوز)ى ڕاگه‌یاند، وه‌زاره‌تى گواستنەوەی عێراق و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانى دیکەی عێراق پەیوەندییان پێوە کردوون و داوایان لێکراوە هاوشێوەی شارەکانی دیکەی عێراق، لە هەرێمی کوردستانیش هێڵەکانی ئینتەرنێت ببڕدرێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕابگیرێت.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە وەزارەتەکەیان وەڵامی بەغدای داوەتەوە و پێی گوتوون: ”ئێمه بۆ ئه‌م كاره، ته‌نها پابه‌ندین به بڕیارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و ده‌بێت له‌وێوه گفتوگۆى ئه‌و بابه‌ته بكرێت و بڕیارى له‌سه‌ر بدرێت“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەهۆی ئەو خۆپیشاندانەی ماوەی سێ ڕۆژە لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق دەستی پێکردووە، حکوومەتی عێراق هێڵەکانی ئینتەرنێتی لە هەموو شارەکانی عێراق پچڕاندووە، تەنیا لە هەرێمی کوردستان هەموو هێڵەکان بە ئاسایی کار دەکەن.
باس‌نیوز
