خالید شوانی: کەرکووک ڕووبەڕووی پرۆسەیەکی بە بەرنامەی بەعەرەبکردن بووەتەوە
خالید شوانی وەزیری هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە هەولێر لە پریس کۆنفرانسێکدا لە پەراوێزی دیبەتێک لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی کەرکووک ئاماژەی بە هەندێ پرسی تایبەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کرد.
خالید شوانی گوتی: "ئەم دیبەیبەتە کە یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستانی ڕێکی خستووە، بەمەبەستی دیراسەکردنی ناوچە دابڕێندراوەکانە و باس لەوە دەکرێت بۆ ئەو ناوچانە لە داهاتوودا چی بکەین".
ئاماژەی بەوەش کرد: "ناوچە دابڕێندراوەکان وێڕای ئەوەی ڕووبەڕووی پرۆسەیەکی بە عەرەبکردنی بە بەرنامە بوونەتەوە، هاوکات هەوڵی گۆڕینی دیموگرافی و واقیعی شاری کەرکووک و هەوڵی بچووککردنەوەی پێگەی کورد دەدرێت، دیارە ئەمانە هەموویان دژی دەستوور و دژی پێکهاتە سەرەکییەکانی پارێزگای کەرکووک و بەتایبەتی کوردن".
گوتیشی: "لەمبارەوە لەگەڵ بەغدا دەست بە دانوستان دەکرێتەوە و گفتوگۆکانیش لە چوارچێوەی چارەنووس و ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەم ناوچانەیە لەڕووی عەسکەری، ئیداری و ئەمنییەوە".
خالید شوانی ئاماژەی بەوەش کرد: "دیارە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم پرسەی بە جیدی لەگەڵ حکوومەتی بەغدا باس کردووە و بڕیارە بۆ چارەسەرکردنی کۆتایی دۆخی ئەو ناوچانە چەند لیژنەیەک لە هەردوولا دروست بکرێت کە دەبێ بۆ چارەنووسی ناوچە کوردستانییەکان، لیژنەکانی مادەی ١٤٠ کارا بکرێنەوە و لە دانوستانەکانی داهاتووی هەولێر و بەغدادا چارەسەری دۆخی ئەو ناوچانە بکرێتە نەخشەڕێگەی چارەسەری دانوستانەکان".
باسنيوز
