ئەو گەنجەی لە هەولێر پۆلیسێکی بریندارکرد، لەلایەن باوکیەوە رادەستی پۆلیس دەکرێت

ئەو گەنجەی لە هەولێر پۆلیسێکی بریندارکرد، لەلایەن باوکیەوە رادەستی پۆلیس دەکرێت
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ تیمەکانی پۆلیسی شارەوانی هەولێر بەهۆی ئەوەی باخێکی زیادەڕۆی بەردەم ماڵێکیان لە گەڕەکی فەرمانبەران لابرد، گەنجێکی ئەو ماڵە دەستڕێژی گولـلەی لە پۆلیسەکان کردووە و بەهۆیەوە پۆلیسێکی بریندارکرد.

دوای رووداوەکە ئەو کەسەی تەقەی لە پۆلیسەکان کرد، لەلایەن باوکییەوە رادەستی پۆلیس کرا، پۆلیسیش پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کردووەتەوە و رەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی کردووە.

هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر راگەیاند: ئەو پۆلیسەی بریندارکراوە ناوی سامان موزەفەر میرخانە و پۆلیسی پیادەی پلە سێیە لە بەشی پۆلیسی شارەوانییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر.

بە گوتەی هۆگر عەزیز، پۆلیسەکە گولـلەکە بەرد حەوزی کەوتووە، ئێستا تەندروستی باشە و لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر نەشتەرگەری بۆ کراوە، بەڵام هێشتا گوللەکە لە لەشی دەرنەهێندراوە.

فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە کاتی سەردانیکردنی پۆلیسەکە لە نەخۆشخانە رایگەیاند "بە تووندی ئیجرائات لەگەڵ ئەو کەسە دەکەن تاوەکو ببێتە دەرسێک و کەسی دیکە بوێری ئەوەی نەبێت کاری وا بکات".

چەند شاهێدحاڵێک لە شوێنی رووداوەکە باسیان لەوە کرد، ماڵەکانی ئەو گەڕەکە هیچ خزمەتگوزارییان نییە، بەشێک لەو باخچانەی لەبەردەم ماڵەکان دروستکراون بۆ دوورکەوتنەوەیە لە بۆنی ناخۆشی ئەو ناوچانە، چونکە ئاوەڕۆی بۆ نەکراوە.
Top