وردەکاری دۆزینەوەی تەرمی کچێکی شەش ساڵان بە سەربڕدراوی لە کەرکووک
باوکی سەمەر گومانی لە چەند کەسێک هەیە ئەو کارەیان کردبێ کە پێشتر پەیوەندییان لەگەڵ داعش هەبووە و ئێستا بەئازادی لەحەویجە دەسوڕێنەوە، ئەو سکاڵای لە دژیان تۆمارکردبوو، دوای رفاندنی کچەکەی پەیوەندیان پێوەکردووە و هۆشدارییان پێداوە دەست لە سکاڵاکەی هەڵبگرێت.
سەڵاح حەسەن، باوکی سەمەر دەڵێت، ناوی کچەکەی لە قوتابخانە تۆمارکردبوو و مامەڵەکانی بۆی تەواوکردبوو، بەڵام هێشتا دەستی بە دەوام نەکردبوو، لەکاتێکدا لەگەڵ هاوڕێکانی و پێنج خوشک و براکەی یارییان دەکرد دیار نەما، دوای ئەوەش پەیوەندییان پێوەکردووە و هەڕەشەیان لێکردووە. ئەمڕۆش تەرمەکەیان لە گوندی تۆپزاوای کەرکووک دۆزییەوە.
حەسەن دەشڵێت گومانی لە کەسی دیکە نییە و ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە داعشن، "داعشن داعش لەگەڵ کەس کێشەم نییە تەنها لەگەڵ ئەوان نەبێ".
هیچ کەسێک ساتی رفاندنەکەی نەبینیووە، لەپڕێکدا دیارنەماوە، کەسوکاریشی نەیان بینیەوە تاوەکو ئەوەی تەرمەکەی بەسەربڕاوی دۆزرایەوە. دایکی سەمەر دەڵێت "یاریان دەکرد کە رفێندرا لەشەودا، نانی ئێوارەمان خوارد و دیارنەما، نازانم چی بڵێم، کەس نەبوو بگەڕێ بۆی".
هێزە ئەمنییەکان لەسەر ئەو رووداوە تاوەکو ئێستا هیچ راگەیێندراوێکیان بڵاونەکردووەتەوە و قسەشی لەبارەوە ناکەن. باوکی سەمەر هەرچەندە ئامادەنەبوو ناسنامەکەیان ئاشکرابکات، بەڵام دەڵێت، دڵنیایە لەناسنامەی بکوژەکان و زانیارییەکانیشی بەهێزە ئەمنیەکانداوە، بەڵام هیچیان دەستنەکەوتووە.
