فەوزی هەریری: هەرێمی کوردستان پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە

فەوزی هەریری: هەرێمی کوردستان پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە
ئەمڕۆ چوارشەممە فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە یەکێک لە پەنێلەکانی کۆنفرانسی دەرخستنی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان، بۆ سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە گەشەی بوارە جیاجیاکان لە هەرێمی کوردستان خستە بەرباس.

فەوزی هەریری لەمبارەوە گوتی: "لە هەرێمی کوردستان لە زۆر بوارەوە گەشەی بە خۆیەوە بینیوە، بۆ وێنە لەڕووی ئابووری، پەروەردە و ژێرخان و چەند لایەنی دیکەش گەشەی کردووە و ئێمەش لەمبارەوە سنوورەکانی خۆمان تێپەڕ کردووە و هەنگاوی گەورەمان هەڵهێناوە".

ئاماژەی بەوەش کرد: "لە هەمانکاتدا کە باسی پێشکەوتنەکان دەکەین، دەبێ باسی خاڵە لاواز و کەمکۆڕییەکانیش بکەین، بۆ وێنە ئاستەنگ و بەربەستەکانی کاتی هێرشی داعش و بەربەستی دیکەش کەلە داهاتوودا دێنە پێشەوە، دەبێ بیانخەینە ڕوو، بۆ ڕەواندنەوەی ئەو گرفتانە لە هەرێمی کوردستان پێویستیمان بە پێکەوەژیان و ئاشتەوایی زیاتر لە نێوان پارتە سیاسییەکان هەیە".

فەوزی هەریری گوتیشی: "ئێمە پێویستمان بە یەکخستنی پەیامی خۆمان نەتەنیا بەرانبەر بە حکوومەتی ناوەندی، بەڵکوو بەرانبەر بە وڵاتە هەرێمییەکان و کۆمەڵگەی نیودەوڵەتیش هەیە و ئەمانە ئەرکی سەرۆکایەتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە بە یەکەوە ئەو کارەکتەرە سیاسییانە کۆ بکەنەوە".

ئەوشی خستە ڕوو: "ئێمە لەڕووی ئابوورییەوە گەشەمان کردووە، بەڵام ئابووریەکە وەک پێویست نییە و پشتیش بە بودجەی بەغدا دەبەستین و پێویستمانە بە ڕژدی بیر لە فرەیی سەرچاوەکانی داهات و وەبەرهێنان بکەینەوە و پێویستە ئەو یاسا و ڕێسایانەی کە بۆ وەبەرهێنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان هاندەرن، تێپەڕێندرێن".












باسنيوز
Top