لەبارەی پێدانی سوپاسنامە و پێشخستنی سەرمووچە روونكردنەوە دەدرێت
وەزارەتی دارایی لە نووسراکەشیدا، هۆکاری هەژمارنەکردنی ئەو رێز و سوپاسانەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە پێچەوانەی رێنماییەکانە.
یاسین واحید، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابووری رايگەیاند، بەپێی رێنمایی، فەرمانبەری شایستە، یان بەڕێوەبەرێكی شایستە، كەوا كارێكی گرنگ دەكات و ماندوو دەبێت، ئەوا سوپاسنامەی پێ دەدرێت، گوتیشی: "ئەوانەی پابەندی دەوامن و لە كارەكانیان دڵسۆزن و زۆر جاریش زیاد لە توانای خۆیان كار دەكەن، ئەوا رێز و سوپاسیان پێ دەدرێت".
جەختیشی كردەوە، ئەو رێز و سوپاسانەی لە لایەن وەزارەتەكانی تر دەدرێن بە فەرمانبەرانی دارایی، بۆیان ئەژمار ناكرێت.
هەر سوپاسنامەیەك، كە دەدرێتە فەرمانبەر، وا دەكات مانگێك بەستنی سەرمووچەی پێش بخرێت.
بەرپرسەكەی وەزارەتی دارایی دووپاتی كردەوە، ئەو رێز و سوپاسانەی وەزارەت و فەرمانگەكان دەیدەنە فەرمانبەران، كە لە چوارچێوەی رێنماییەكاندایە، كاریان پێ دەكرێت و كێشەیان نابێت.
سەرچاوەیەك رايگەیاند، پێشووتر هەندێك فەرمانبەری وەزارەتی دارایی، كاریان لەگەڵ چەند وەزارەتێك كردبوو، لە رێگەی پەیوەندیی خۆیان داوای رێز و سوپاسیان كردبوو و سوپاسنامەیان پێ درابوو، بۆیە وەزیری دارایی بڕیاری داوە ئەم دیاردەیە نەمێنێت، فەرمانی كردووە ئەو جۆرە رێز و سوپاسانە هەڵبوەشێندرێنەوە.
بەپێی رێنمایی ژمارە 18ی دارایی، كە لە ساڵی 2016 دەرچووە، هەر رێز و سوپاسێك مانگێك پێشخستنی پلەی بۆ دەكرێت، هەروەها فەرمانبەر بۆی دەبێت ساڵانە 3 سوپاس وەربگرێت.
بەپێی ئەو رێنماییە، دەبێت وەزیری پەیوەندار بە وەزارەتەكە پەسندی سوپاسەكە بكات، ئەگەر نا بۆ پێشخستن سوودی لێ وەرناگیرێت.
لە ساڵی 2016وە، ئەنجومەنی وەزیران پلەبەرزكردنەوەی راگرتووە، ئێستا تەنیا سەرمووچەی ساڵانە بۆ فەرمانبەران دەبەسترێت.
باسنيوز
