گۆڕانكاری لە شێوازی دابەشكردنی مووچەی خانەنشیناندا دەكرێت
حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی كوردستان، راگەیاند، ئێستا حكوومەت و وەزارەتی دارایی خەریكی جێبەجێكردنی میكانزمێكن، كە بەهۆیەوە گۆڕانكاری لە شێوازی دابەشكردنی مووچە دروست دەكات، گوتی: "سیستەمی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی گۆڕانكاریی بەسەردا دێت و دەكرێتە ئەلیكترۆنی".
روونیشی كردەوە، چاوەڕوان دەكرێت لە ساڵی داهاتوودا سیستەمەكە بچێتە واری جێبەجێكردنەوە، گوتیشی: "لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی داهاتوودا، سیستەمی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان بە ئەلیكترۆنی دەكرێ و مووچەكە لە رێگەی كارتێكی زیرەكەوە دابەش دەكرێت، هەر خانەنەنشینێك لە هەر بانكێك بیەوێت لە هەر شارێك بێت، دەتوانێت مووچەكەی وەربگرێت".
جەختیشی كردەوە، لە رێگەی ئەو میكانیزمەوە، كێشەی قەرەباڵغی و نۆرەگرتن و وەستان لەبەر خۆرەتاو و سەرما كۆتایی پێ دەهێندرێت و ئاسانكاری دەبێت بۆ خانەنشینان، گوتیشی: "ئەو سیستەمە بە جۆرێكە، كەوا بانكەكان بە ئینتەرنێت و ئەلیكترۆنی پێكەوە دەبەسترێنەوە، دواتر لە رێگەی كارتێكەوە، كە هەر كەس كۆد و زانیاریی خۆی دەبێت، مووچەكە دابەش دەكرێت".
بەپێی زانیاریی وەزارەتی دارایی، لە كوردستاندا 244 هەزار كەس مووچەی خانەنشینیی سەربازی و شارستانی وەردەگرن، كەمترین مووچەی خانەنشینی 220 هەزار دینارە و زۆرترینی 6 ملیۆن دینارە.
حازم ئیسماعیل، دووپاتی كردەوە، بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێكارە، سوودێكی زۆر لە سیستەمی تۆماری بایۆمەتریی مووچە وەردەگیرێت، چونكە زانیاریی هەموو خانەنشینانی تێدایە.
ئەو پێی وایە، لە رێگەی چەند یاسا و رێنماییەكەوە، بڕیار وایە مووچە و گوزەرانی خانەنشینان باشتر بكرێت و خانەنشینی شایستە و ناشایستە لە یەكتر جیا بكرێنەوە، گوتیشی: "كابینەی تازەی حكوومەت زۆر جدییە لەسەر باشكردنی گوزەران و مووچەی خانەنشینان، هەوڵێكی باشی حكوومەت دەستی پێ كردووە، بۆ ئەوەی گوزەرانی خانەنشینان باش بکرێت”.
بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشین پێی وایە، مووچەی خانەنشینان و چاكسازیكردن لەو بوارە پێویستی بەوە هەیە، یاسای باشی بۆ دەربكرێت و رۆتینانی بەردەم دابەشكردنی مووچەش هەڵبگیرێت.
باسنيوز
