نێچیرڤان بارزانی جه‌خت له‌ گرنگی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی نێوان فراكسیۆنه‌كان دەکاتەوە

نێچیرڤان بارزانی جه‌خت له‌ گرنگی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی نێوان فراكسیۆنه‌كان دەکاتەوە
جێگری سەرۆکی پارتیی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و جەختی له‌ گرنگیی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان فراكسیۆنه‌كان لە پەرلەمانی کوردستان دەکاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە (30-9-2019) نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتیی دیموکراتی کوردستان له‌ هه‌ولێر لەگەڵ ئه‌ندامانی فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان کۆبووەوە و را و بۆچوون و سه‌رنج و تێبینی و چه‌ند داواكارییه‌كی په‌یوه‌ست به‌ دۆخ و گوزه‌رانی هاووڵاتیانیان،‌ خسته‌ڕوو.

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان راگەیاند: " لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌ گرنگی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی نێوان فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ كاركردن له‌پێناو دابینكردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ عێراق كرده‌وه‌ و، رۆڵی په‌رله‌مانی كوردستانی له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی عێراق به‌ گرنگ له ‌قه‌ڵه‌مدا".

بەگوتەی پێشەوا هەورامانی، لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی فراكسیۆنی پارتی راسپارد كه‌ له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كانی دیكه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان گرنگی به‌و یاسایانه‌ بده‌ن كه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به‌ بارودۆخ و گوزه‌رانی هاووڵاتیانه‌وه‌ هه‌یه‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا بكه‌ن.
Top