دوو لێژنەی پهرلهمانی عێراق بۆ وردبینی سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن
لهكاتێكیشدا سەردانەکە لەسەر بانگھێشتی فەرمی حکوومەتی ھەرێم و پەرلەمانی کوردستانە، كه وهك سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی، بڕیاردەری لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژهی پێ دهدات، مهبهست لهو سهردانه بۆ ئەوەیه، بهر له ئامادەکردنی رەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق، ھەردوو لێژنەکە لە داھات، ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم، لیستی مووچەخۆران، داھاتی دەروازە سنوریەکان و داھاتە ناوخۆیەکان ئاگادار بن.
بە رای شارەزایان ھاتنی ئەو دوو لێژنەیە بۆ وردبینی، دوورە لە بنەما دەستووریەکان، بەڵام ئەوە جارێکی دیکە نیازپاکی حکوومەتی ھەرێم و دامەزراوە دەستووریەکانی کوردستان نیشاندەدات، کە ئەو راپۆرتانەی حکوومەتی ھەرێم لەبارەی نەوت و سەرجەم داھاتەکانی بڵاوی دەکاتەوە روون و شهفافن.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە فەرمی داوای لە لێژنە پهیوهندیدارهكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە، سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن و لەگەڵیان کۆببنەوە، بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو داتاو زانیاریانەیان پێبدرێت، کە تا ئێستا لای بهغدا روون نین و لێکنزیکبوونەوەی زیاتر دروستبکرێت.
