ناوی سەرۆك ‌و لۆگۆی هاوپەیمانیی كوردستانی یەكلادەكرێتەوە

ناوی سەرۆك ‌و لۆگۆی هاوپەیمانیی كوردستانی یەكلادەكرێتەوە
13 حیزبی کوردستانی لە کەرکووک بڕیاریان داوە بە یەک لیست کە ناوی هاوپەیمانیی كوردستانی ـیان لێنا، بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکەن، بڕیاریشە سبەی ناوی سەرۆکی لیستەکە و لۆگۆکەی یەکلابکەنەوە.

رۆژی شەممە، 28-9-2019 نۆ حیزبی کوردستانی، کە پێکهاتبوون لە (پارتی، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ، بزووتنەوە، شیوعی، سۆسیالیست و زەحمەتکێشان)، لە هەولێر کۆبوونەوە و بڕیاریان دا بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە پارێزگاکانی: کەرکووک، نەینەوا، دیالا و سەڵاحەدین بکەن.

دوای ئەو کۆبوونەوەیەش، حیزبەکانی (پارتی گەلی تورکمان، بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان) بڕیاریاندا لە لیستەکەدا بەشداربن.

خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی راگەیاند: سبەی سێشەممە لە كۆبوونەوەی حیزبە كوردستانییەكاندا کە لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان لەشاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت. "ناوی سەرۆك‌ و لۆگۆی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی یەكلادەكەینەوە".

بە گوتەی خەسرەو گۆران، لە کۆبوونەوەکاندا ناوی چەند کەسێک بۆ سەرۆکایەتیکردنی لیستەکە پێشنیازکراون، بەڵام ئامادەنەبوو ناوی ئەو كەسانە ئاشكرابكات.

بڕیارە رۆژی 1ـی نیسانی 2020 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەڕێوەبچێت، هەڵبژاردنەكە لە كەركووك ‌و ناوچە كێشەلەسەرەكانیش دەكرێت، بەڵام پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.

سكرتێری پارتی ئێزدی: پشتیوانی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی دەكەین

حەیدەر شەشۆ، سكرتێری پارتی ئێزدی دیموكرات پشتیوانی لە لیستەکە دەکات و جەختدەکاتەوە بۆ ئێزدییەكان ‌و هەموو پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان وا باشترە بە یەك لیستی كوردستانی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بكەن.

حەیدەر شەشۆ رایگەیاند: هەرچەندە تاوەكو ئێستا كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ ئەو حیزبانەی ئەو لیستەیان راگەیاندووە بۆ گەیشتنە رێككەوتنی كۆتایی بەردەوامە، بەڵام هەرچۆنێك بێت ئەوان پشتیوانی لەو لیستە دەکەن و لەو یەكڕیزییە دەرناچن.
Top