وەزیری ناوخۆ پێشوازیی لە كونسووڵی گشتیی هۆڵەندا کرد

وەزیری ناوخۆ پێشوازیی لە كونسووڵی گشتیی هۆڵەندا کرد
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ویلیام نیكۆڵاس كوزین، كونسووڵی گشتیی شانشینی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان ڕەوشی ئەمنیی عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان و پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان هەردوولایان تاوتوێ كرد.

لەو كۆبوونەوەیەدا، بەڕێز كونسووڵی گشتیی هۆڵەندا وێڕای پیرۆزباییكردن لە وەزیری ناوخۆ بە بۆنەی دەستبەكاربوونییەوە لەو ئەركە نوێیەیدا، خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا كە هەرێمی كوردستان سەرەڕای شەڕی تیرۆریستان و قەیرانی دارایی دەستی بە هەڵمەتی ئاوەدانكردنەوە و بنیادنانەوە كردووە و لەم ڕووەوە جیاوازیی زۆری لەگەڵ بەشەكانی دیكەی عێراقدا هەیە، ئامادەییی شانشینی هۆڵەنداشی نیشان دا بۆ هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان لەم هەڵمەتەدا، هەروەك لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا هاوكار بووە.

لە بەرانبەریشدا، بەڕێز وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سوپاسی كردن و ڕایگەیاند، خەڵكی كوردستان ئەو دۆستانە لەبیر ناكەن كە لە تەنگانەدا یارمەتییان داون و خوازیار بوو ئەم هاوكاری و هەماهەنگییانە بەردەوام بن و زیاتریش پەرە بستێنن بۆ سەرجەم بوارەكان.
Top