ئەمڕۆ تەرمی جاک شیراک بەخاک دەسپێردرێت
رێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە تەرمی شیراک بە ئامادەبوونی 30 سەرۆک و سەرکردەی باڵای جیهان لە بەردەم هۆتێلی دیزینڤالید لە ناوەڕاستی پارتی پایتەختی فەرەنسا، بەڕێوە دەچێت و دواتر تەرمی شیراک لە گۆڕستانی مۆنبرناس لە پاریس لە تەنیشت تەرمی کچەکەی، کە لە 2016 کۆچی دوایی کرد، بەخاک دەسپێردرێ.
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئابووری و وەزیری دارایی عێراق، کە کوردە، بە نوێنەرایەتیی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەشداریی ریوڕەسمەکە دەکات.
رۆژی 26-9-2019، جاک شیراک لە تەمەنی 86 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
جاک شیراک لە ساڵی 1995دا بووەتە سەرۆک کۆماری فەڕەنسا و لە ساڵی 2002دا جارێکی دیکە لە پۆستەکەی داندراوەتەوە، لە 17-5-2007 سەرۆکایەتییەکەی کۆتایی هاتووە.
فەڕەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە دۆستایەتییەکی بەهێزی لەگەڵ کورددا هەیە و لە سەردەمی فرانسوا میتراندا پێشنیازی ناوچەی ئارام بۆ کورد لە دەوڵەتی عێراق کراوە کە دواتر لە چوارچێوەی دەستووری 2005ی عێراقدا بە فەرمی بوو بە هەرێمی کوردستان.
پەیوەندیی فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان بە ڕادەیەک بەهێزە کە لە کاتی هێرش و دوژمنکارییەکانی ساڵی 2017ی هێزەکانی عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە پشتیوانیی ئێران و بەشداریی گرووپێکی ناوخۆیی، فەڕەنسا پشتگیریی خۆی بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و بە فەرمی ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، پێشوازی لە سەرۆکی پێشووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
باسنيوز
