ئێران پێشوازیی لە هەر هەوڵێکی نێوەندگیری لەگەڵ سعودیە دەکات

ئێران پێشوازیی لە هەر هەوڵێکی نێوەندگیری لەگەڵ سعودیە دەکات
وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێشوازیی لە هەر هەوڵێک بۆ نێوەندگیری لەنێوان وڵاتەکەی و شانشینی عەرەبستانی سعودیە، دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە 30-9-2019، عەباس موسەوی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، پێویستە سعودیە بۆ بەرژەوەندیی خۆی و ناوچەکە، شەڕ لە دژی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان)ی یەمەن رابگرێت.

عەباس موسەوی هەروەها رایگەیاندووە، وڵاتەکەی وردەکاریی پلانی ئاشتی لە گەرووی هورمز دەنووسنەوە و پێشکەشی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و عێراقی دەکات.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە پێشوازیی وڵاتەکەی لە هەر هەوڵێک بۆ نێوەندگیری لەنێوان تاران و ریاز کرد و رایگەیاند، ”ئێمە ئامادەین بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەوڵێک بۆ رەواندنەوەی ئاڵۆزییەکان“.

ئەو لێدوانەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە ناڕاستەوخۆ وەڵامی ئەو هەواڵانەیە، کە باس لەوە دەکەن، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەوڵی نێوەندگیری لەنێوان ئێران و سعودیە دەدات.

پێشتر سەرچاوە میدیاییە عێراقییەکان بڵاویان کردبووەوە، کە عەبدولمەهدی بەنیازە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران بۆ کۆبوونەوە، بانگهێشتی بەغدا بکات.











باسنيوز
Top