حزبێکی سیاسیی سلێمانی مۆڵەتی کارکردنی لە وەزارەتی ناوخۆ وەرگرت
شوان عوسمان، بەرپرسی تیمی گوتەبێژانی هاوپەیمانیی نیشتمانی ڕايگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 29-9-2019 وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەتی فەرمیی پێداون بۆ کارکردن وەکو حزبێکی سیاسی، ئەمەش دوای ئەو هەموو گوشار و هەوڵدانەی چەند لایەنێک دێت بۆ کۆتاییهێنان و هەڵوەشانەوەی پرۆژەی هاوپەیمانی.
شوان عوسمان هەروەها رایگەیاند، دوای دەست لەکارکێشانەوەی بەرهەم ساڵحی سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانی، ئەو حزبە کۆبوونەوەی گشتی ئەنجام دا و پاشگری دیموکراسی و دادپەروەری گۆڕی بۆ "نیشتمانیی" و ئارام قادری وەک سەرۆک هەڵبژارد.
ئەوبەرپرسەی هاوپەیمانی ئاماژەی بەوەش دا، وەرگرتنی مۆڵەت مافێکی یاسایی حزبەکەیەتی و لە ئێستاشەوە قۆناغێکی نوێی کاری هاوپەیمانی دەست پێ دەکات و هاوپەیمانی بەتەواوی خۆی بۆ ئەو قۆناغە نوێیە ئامادە کردووە.
هاوپەیمانیی نیشتمانی ئێستا حەوت دەڤەر و 11 دامەزراوە و سێ ئەنجومەن و دەستەیەکی ڕاوێژکاری هەیە و سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق.
باسنيوز
