له‌ شاره‌زوور قوتابیانی پۆلی یه‌ك نه‌مامیان چاند

له‌ شاره‌زوور قوتابیانی پۆلی یه‌ك نه‌مامیان چاند
به‌مه‌به‌ستی زیاتركردنی ڕێژه‌ی سه‌وزایی له‌ناو قوتابخانه‌كه‌یان، به‌شێك له‌ قوتابیانی پۆلی یه‌كەمی سه‌ره‌تایی له‌ قوتابخانه‌ی ده‌رسیم له‌ قه‌زای شاره‌زوور، له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنیان له‌و قوتابخانه‌یه‌، نه‌مامێكیان چاند.

م. ئه‌یوب محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی ده‌رسیم له‌ قه‌زای شاره‌زوور، ڕايگه‌یاند: "به‌مه‌به‌ستی زیاتر سه‌وزكردنی ڕێژه‌ی سه‌وزایی له‌ قوتابخانه‌كه‌مان، داوامان كرد له‌ كه‌سوكاری ئه‌و قوتابییانه‌ی پۆلی یه‌ك، كه‌ ئه‌مساڵ وه‌رگیرابوون له‌ قوتابخانه‌كه‌مان‌، كه‌ به‌پێی توانایان و به ‌شێوه‌یه‌كی خۆبه‌خشانه‌ هاوكارمان بن و له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی قوتابییه‌كه‌یان نه‌مامێك بهێن بۆ قوتابخانه ‌و بیچێنن، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ (29|9\2019)، له‌ناو قوتابخانه‌كه‌مان چالاكییەکمان کرد و تێیدا ئه‌و نه‌مامانه‌مان چاند، كه‌ كه‌سوكاری قوتابیان هێنابوویان".

گوتیشی: "ئه‌مساڵ(160) قوتابیی پۆلی یه‌ك له‌ قوتابخانه‌كه‌مان وه‌رگیراون، به‌ڵام له‌و ژماره‌یه‌ نزیكه‌ی (80) نه‌مامیان هێنا و چاندمان، ئه‌وانه‌ش كه‌ هێنایان به ‌خواستی خۆیان بووه‌، نه‌مامه‌كانیش له‌ناو حه‌وشه‌ی قوتابخانه‌كه‌مان چاندراون".

به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی ده‌رسیم له‌ قه‌زای شاره‌زوور، گوتیشی: "ئه‌نجامدانی ئه‌م چالاكییانه‌ گرنگه‌، چونكه‌ پێویسته‌ له‌ ئێستاوه‌ مناڵه‌كان ڕابهێنین كه‌ نه‌ما‌مه‌كان نه‌شكێننه‌وه‌ و سه‌وزایی و نیشتمانیان خۆش بوێت".













باسنيوز
Top