"لایەنە سیاسییەکان بڕیاریاندا بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەن"

ئەمڕۆ لایەنە کوردییەکان لە شاری ھەولێر کۆبوونەوە و گەیشتنە رێكکەوتن بۆ دروستکردنی لیستی ھاوبەش بە مەبه‌ستی بەشداری کردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، بەشداربوویەکی کۆبونەوەکەش دەڵێ، جگە لە یەک لیستی کار بۆ ئاسایی کردنەوەی رەوشی ناوچە داگیرکراوەکانیش دەکەین.

کاکەمین نەجار، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پڕێس کۆنفڕانسێكى رۆژنامەوانی دا رایگەیاند" ئەمڕۆ ئێمە وەک لایەنە کوردییەکان لەسەر ئەوە رێکكەوتین لە ناوچە کوردستانییەکان بە لیستێکی ھاوبەش بە ناوی ھاوپەیمانی کوردستانی بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا بکەین، پێویستە تا کاتی ھەڵبژاردنیش رەوشی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان ئاسایی بکرێتەوە و مەلەفی ئەمنی بدرێتە دەست پۆلیس.

کاکەمین نەجار ئاماژەی بۆ ئەوەکرد" کۆبوونەوەکانی لایەنە کوردییەکان بەردەوامیان دەبێت بۆ وردەکاری زیاتر و بەشداری کورد لە ھەڵبژاردنی ٢٠ی نیسانی داھاتوو، پەیوەست بە وەرگرتنەوەی بارەگاکانی پارتی ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت" پارتی بگەڕێتەوە کەرکووک و نەگەڕێتەوە ھەر پشتیوانی لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی دەکات.

لای خۆشیەوە سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان گوتی "لیستی ھاوپەیمانی کوردستان بۆ ھەریەک لە پارێزگاکانی مووسڵ و کەرکووک و دیالەیە و بۆ پارێزگاکانی دیکەش ھەوڵدەدەین بۆ ئەوەی لە گەل لایەنەکانی دیکە بگەینە رێكکەوتن و دەرگاش واڵایە بۆھەر لایەنێک کە بیەوێ بەشداری لە ھاوپەیمانی کوردستانی دا بکات.

بێکەس حەمە قادر، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەت کێشانی کوردستان راگەیاند" لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی لایەنە کوردییەکان تا رادەیەکی باش کۆدەنگی ھەموو لایەنەکان لە سەر لیستی ھاوبەش ھەبوو، بڕیارماندا بە یەک لیست لە ھەموو ناوچەکانی مووسڵ و کەرکووک و دیالە و پارێزگاکانی دیکە بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا بکەین بە ناوی لیستی (ھاوپەیمانی کوردستان) بە یەکەوە بەرەنگاری ئەگەرەکان ببینەوە لە ھەموو ئەو ناوچانەی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن.

ئەو بەرشداربووەی کۆبونەوەی لایەنە کوردییەکان دەڵێت" یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە بەرژەوەندی کۆتلە گەورەکان ھەموار کراوەتەوە و ئەگەر لایەنە کوردییەکان یەکگرتوو نەبن دەنگی کورد بە فێڕۆ دەچێت و ئەنجامی ھەڵبژاردن بە دڵی کورد نابێت لەو سنوورانە دا.

بێکەس حەمە قادر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد" ھەر لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا بڕیاردرا ھەموو لایەنەکان پێکەوە کار بۆ ئاسایی کردنەوەی رەوشی ناوچە داگیرکراوەکان بکەن، چونکە پێویستە بەر لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن رەوشی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە و لە رەوشێکی ئاڵۆزی وەھادا وەک ئەوەی ئێستا ھەیە ھەڵبژاردن مانایەکی نابێت، ئێمە وەک لایەنەکان پێکەوە بۆ ئەو بابەتە ھەنگاوی جیدی دەنێین.
Top