قەڵادزێ.. دروستکردنی قوتابخانەیەک کێشەی لێ دەکەوێتەوە

قەڵادزێ.. دروستکردنی قوتابخانەیەک کێشەی لێ دەکەوێتەوە
ئەمساڵ لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، باڵەخانەی قوتابخانەیەکی تازە لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شارۆچکەی قەڵادزێ دروست کرا، بەڵام تاکوو ئێستا قوتابیان نەچوونەتە نێو پۆلەکانی خوێندنی قوتابخانەکەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی سێ قوتابخانەی سنوورەکە بەیەکەوە داوای باڵەخانەکە دەکەن.

هێرۆ ئەحمەد، خوێندکارێکی خوێندنگەی (بڵفەت) لە قەڵادزێ و یەکێکە لە خوێندکارانی خوێندنگە ناڕازییەکان، ئەو خوێندکارە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئێمە وەکوو خوێندکارانی خوێندنگەی بڵفەت، بە مافی خۆمانی دەزانین ئەم بینا نوێیە وەرگرین، لەبەرئەوەی خوێندنگەکەمان زۆر بینایەکی کۆنی هەیە و سێ دەوامیشی تێدا دەکرێت، بۆیە فریای کەمترین وانە دەکەوین، بەهۆی کەمیی کاتی دەوامی خوێندنگەکەمانەوە، هەر بۆیە بەردەوام دەبین لەسەر داواکردنی مافەکانمان تاوەکوو بیناکە وەردەگرین".

گوتیشی: "داوا لە بەڕێوەبەری پەروەردەی پشدەر دەکەین، ئەم بینا نوێیە بدات بە ئێمە، ئەگەر پێشمان نادات پێویستە بینایەکی نوێی خوێندنمان بۆ بکاتەوە، لەبەرئەوەی چەند ساڵێکە ئێمە بەدەست کۆنیی خوێندنگەکەمانەوە دەناڵێنین و داوای بینا دەکەین".

هەر لەمبارەیەوە هەڵکەوت عەبدوڵا، گوتەبێژی پەروەردەی پشدەر ڕايگەیاند: "چەند ڕۆژێکە باڵەخانەیەکی نوێی خوێندن لە سنووری پشدەر، لەلایەن لیپرسراوی ئیدارەی ڕاپەڕینەوە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی سێ دەوامی لە سنوورەکە کراوەتەوە، بەڵام کردنەوەی ئەو شوێنە کێشەی لە نێوان چەند خوێندنگەیەکی سنوورەکە دروست کردووە".

گوتیشی: "بەهۆی کەمیی باڵەخانە لە شارۆچکەی قەڵادزێ، بەشێکی زۆری خوێندنگەکان سێ دەوامیان تێدا دەکرا، ئەمەش کێشەی بۆ خوێندکاران دروست کردووە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەش، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بینایەکی نوێی خوێندن لە سنوورەکە کرایەوە، بەڵام لەبری ئەوەی سوودی لێ ببیندرێت، کێشەی لە نێوان بەڕێوەبەرانی چەند خوێندنگەیەکی سنوورەکە دروست کردووە".

ڕوونیشی کردەوە، کێشەکە ئەوەیە، به بیانووی کۆنیی بیناکانیانەوە، هەر قوتابخانەیەک بە مافی خۆی دەزانێ ئەم بینایە نوێیە وەربگرێت و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، چەند جارێک خوێندکارانی ئەم خوێندنگە ناکۆکانە خۆپشاندانیان کردووە.

گوتەبێژی پەروەردەی پشدەر ئاشکراشی کرد، کە بیناکە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دروست کراوە و لەلایەن لێپرسراوی ئیدارەی ڕاپەرین کراوەتەوە و هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت خاوەنداریی بکات و پەروەردەی پشدەر خۆی سەرپەرشتی دەکات.

ڕاشیگەیاند: "وا بڕیارە نوێنەری هەر یەک لە خوێندنگە ناڕازییەکان، لەگەڵ لێپرسراوی پەروەردەی پشدەر بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کۆ ببنەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەی بیناکەوە بدرێت".

دەڤەری پشدەر خاوەنی ١٧٠ ناوەندی خوێندنە، کە دابەش بوون بەسەر ١٥٠ قوتابخانەی بنەڕەتی و زیاتر لە ٣٠ خوێندنگەی ئامادەیی و نزیکەی ٧٠ قوتابخانەش دەکەونە سنووری گوندەکانەوە.













باسنيوز
Top