"ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان و بەلجیکا رێککەوتنێکیان واژۆکرد"

شاندی ژوورە بازرگانییەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ژووری بازرگانیی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیکا رێککەوتنێکی بازرگانییان واژۆکرد کە نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا بە رێککەوتنێکی گرنگ ناویدەبات.

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا راگەیاند" رێککەوتنەکەی شاندی یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی کوردستان و هەرێمی فلاندەرزی بەلجیکا بۆ هەرێمی کوردستان دەستکەوتێکی باشە، چونکە رێککەوتنێکی فەرمییە لەنێوان هەردوولایەندا."

دلاوەر ئاژگەیی گوتی: " رێککەوتنەکە کارئاسانی زۆر بۆ بازرگان و خاوەن کارەکانمان دەکات، کە دەیانەوێت پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ بەلجیکا ببەستن، لەکاتێکدا 80%ی هەناردەکردنی بەلجیکا لە هەرێمی فلاندەرزەوەیە کە دڵی ئابووریی بەڵجیکایە. ئەوان زیاتر لە بواری پیشەسازی شوکولاتە و کشتوکاڵ خاوەنی ئەزموونی باشن".

مەبەستی سەرەکییان وەک نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا دەڵێت، ئەوەیە " زیاتر کۆمپانیا بەلجیکییەکان بێنە هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنان بکەن و کارگە دابمەزرێنن، لەبری ئەوەی لە وڵاتەکەیانەوە هەناردەی هەرێمی کوردستانی بکەن".

بەگوتەی دلاوەر ئاژگەیی: "دامەزراندنی کارگە و کاری کۆمپانیا بەلجیکییەکان لە هەرێمی کوردستان وادەکات دەرفەتی کار زیاتر بێت و چوونە دەرەوەی پارەی هەرێمی کوردستانیش کەمتر دەبێتەوە، کە ئەوەش لەڕووی ئابوورییەوە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە."

لە 23ی ئەیلول شاندێکی یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەلجیکایان کرد. سەردانی شاندەکە لەسەر بانگهێشتی فەرمی "ژووری بازرگانیی ڤۆکا" بوو، کە پێشتر سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو.
Top